بەلەمێکی کۆچبەران بە (٤٥) سەرنشینەوە لە دەریای ئیجە نوقوم بوو

نوێنەری یەكێتی لە یۆنان رایدەگەیەنێت" بەلەمێکی کۆچبەران بە ٤٥ سەرنشینەوە، کە بەشێكیان خەڵكی ھەرێمی کوردستانن، لەدەریای ئیجە نقوم بوو". 

رەوا بابان، نوێنەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە یۆنان لە لێدوانێکدا بە میدیای فەرمی حزبەکەی راگەیاند" ئێوارەی دوێنی پێنجشەممە بەلەمێک بە ٤٥ کۆچبەرەوە کە زۆرینەیان خەڵکی ھەرێمی کوردستانن لە تورکیاوە بەرە و یۆنان بەڕێکەوت و لە نزیک دورگەی (کریتی) سەر بە یۆنان بەھۆی شەپۆلی ئاوەوە یەختەکەیان ژێر ئاو کەوت".

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ٤٥ کۆچبەرە نۆ کەسیان تا ئێستا بێسەروشوێنن و ٣٦ کەسی تریشیان رزگارکراون، ژمارەیەک لە رزگارکراوەکان کوردی شارەکانی ھەرێمن، تائێستا نازانرێت لەناو بێسەروشوێنەکان کورد ھەیە یاخود نا. 

ناوبراو باسی لەوەشکرد، گەڕان بە دوای بێسەروشوێنەکان بەردەوامە و ئەمڕۆش پۆلیسی دەریاوانی یۆنان بە کۆپتەر و کەشتی گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە ئەنجام دەدات. 


PM:01:31:23/07/2021