زانیاریی نوێ لەسەر نوقوم بوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجە کە زۆرینەیان کوردن ڕاگەیەندرا

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕایدەگەیەنێت" شەوی ڕابردوو بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک دورگەی کریتی لە یۆنان لەکارکەوت و خۆشبەختانە لایەنە پەیوەندیدارەکان توانیان ۳۷ کۆچبەر ڕزگار بکەن". 

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەوی ٥ شەممە کاتژمێر ۹:۱٠ خولەک، بەلەمێکی کۆچبەران کە بە نیازبووە لە تورکیاوە بگاتە ئیتاڵیا، لە نزیک دورگەی کریتی لە یۆنان  لەکارکەوت و خۆشبەختانە لایەنە پەیوەندیدارەکان توانیان ۳۷ کۆچبەر ڕزگار بکەن. 

نوێنەرایەتی دەزگای لوتکە لە وڵاتی یۆنان، ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە کۆی گشتی کۆچبەرەکان ٤٥ کەس بوون، بەڵام ۳۷ کەسییان ڕزگارکراون و لەو ژمارەیەش ۳۲ کۆچبەریان نێردراونەتە شاری یاراپاترا و ٥ کەسەکەی دیکەش نێردراونەتە کارپاتۆس لە نزیک دورگەی ڕۆدۆس.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەزگای لوتکە، تا ئێستا ناسنامەی کۆچبەرەکان ئاشکرانەکراوە، بەڵام نوێنەری دەزگای لوتکە ئاماژەی بەوە داوە کە بەشێکیان کوردی باشوری کوردستانن، بەڵام ڕوون نییە کە لە بێسەروشوێنبووەکاندا کوردی تێدایە یاخود نا و خۆشبەختانە هیچ تەرمێکیش نەدۆزراوەتەوە.


PM:04:01:23/07/2021