زانیاری نوێ لەبارەی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ئەم مانگە ئاشكرا کرا

بڕیارە سەرەتایی ئەم هەفتەیە وەزارەتی دارایی و ئابووری  حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمووز دەستپێبکات، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ڕێژەی لێبڕینی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران و مووچەخۆران بۆ ١٠% کەمدەکرێتەوە. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، بڕیارە ڕۆژی ٢٥ ی تەمووز ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بکرێت، و خه‌رجكردنی مووچەی مانگی تەمووز بەڕێژەی ١٠% کەم دەکرێتەوە.

پێشتر عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد" ئێستا داھاتی پێویست ھەیە بۆ ئەوەی موچە بە بێ لێبڕین بدرێت. بەبێ ئەوەی باسی نەمانی قاچاخی و کۆمپانیاکاری خاڵی سنوری و زیادبوونی داھاتی نەوت و وەرگرتنی باج لە ھەموو گەورە باجدەران بکەین. تەنیا بە داھاتی فعلی کە ھاتوەتە خەزێنەی گشتی و لێرەدا بە وردەکاری و پشتبەشتن بە بەڵگەکان دەیخەینەڕوو، دەیسلمێنێت کە دەتواندرێت پاشەکەوت نەمێنێ و پرۆژەی خزمەتگوزاریش دەستپێدەکاتەوە". 

ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەشکردووە، پارەی پێویست بۆ موچە (896) ملیار دینارە، هەروەها داھاتی نەوت بۆ خەزێنە مانگی پێشوو (350 ) ملیۆن دۆلار بوە (بەرمیلێک 25 دۆلار) دەکاتە (514) ملیار دینار. لەگەڵ (200) ملیار دینار بەغدا  و (20) ملیار دیناری پارەی ھاوپەیمانان، مانای وایە بەبێ داھاتی ناوخۆ 82% موچە دابین بوەو بۆ پێدانی موچەی تەواو (162) ملیار دینار پێویستە لە داھاتی ناوخۆ. 

لەسەر دابەشکردنی موچەش بەبێ لێبڕین پەرلەمانتارەکەی گۆڕان وتی" ئایا داھاتی ناوخۆ دەتوانێت ئەم بڕە دابین بکات؟ بەڵێ ئەگەر مانگی دووی ئەم ساڵ بە پێوەر وەربگرین داھاتی ناوخۆ کە ھاتوەتە وەزارەتی دارایی بۆ تەمویلی موچە (373) ملیار دینار بوە. بڕی (161) ملیار دیناری سلێمانی کە 43% دەکات و بڕی (213) ملیار دیناری ھەولێرو دھۆک کە 53% دەکات. واتە: ئەگەر داھاتی ناوخۆ بۆ تەمویلی موچە وەک مانگی دووی ئەم ساڵ بێت ئەوا کۆی داھات ( 212) ملیار دیناری زیاترە لە موچە. ئەگەر 56% کەمیکردبێت ھێشتا بەشی موچە بەبێ لێبڕین دەکات". 


PM:05:54:23/07/2021