یەکێتی وەفدێک دەنێرێت بۆ بەغدا بە ئامانجی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق

وەفدێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی سەردانی بەغدا دەکەن بە ئامانجی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند کە وەفدەکە بە سەرۆکایەتی ( رزگار حاجی محەمەد ) ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و ئەدامێتی چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو سەردانەیان ئەنجام داوە.

بڕیارە وەفدەکە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و بەتایبەتی لایەنە شیعەکان کۆبێتەوە بۆ گەیشتن بە هەڵوێستێکی هاوبەش لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن.

ئەم هەنگاوەی یەکێتی لە کاتێکدا دێت کە ماوەی زیاتر لە ١٥ رۆژە ناکۆکییەکی قورس کەوتۆتە نێو هەردوو هاوسەرۆکی ئەو حیزبەوەو هەر لە ئێستاوە کادیرانی ئەو حیزبە هەست بەوە دەکەن کە بەو دۆخەی ئێستاوە بچنە ناو هەڵبژاردنەوە بە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو پاشەکشەیەکی بەرچاو دەکەن.

لەسەر ئاستی عێراق تەیاری سەدری بە فەرمی رایگەیاند کە بایکۆتی هەڵبژارنی پەرلەمانی عێراق دەکات، دواتریش حیزبی شیوعی عێراق بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی راگەیاند، جگە لە ناوەندێکی زۆری خۆپیشاندەرانی عێراقیش لەگەڵ بەشداریکردندا نین لە هەڵبژاردندا.

بڕیارە ١٠ ی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت، لەگەڵ ئامادەکارییەکانی حکومەت و کۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، رۆژ بەرۆژ ژمارەی ئەو حیزبانەش روو لە زیادبوون دەکەن کە بەشداری هەڵبژاردن ناکەن.





PM:09:04:26/07/2021