پارتى لەبارەی ڕێککەوتنی ستراتیژی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

پارتى دیموکراتى کوردستان پێشوازى له‌ گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراقی و ئه‌مه‌ریكا دەکات و داوا لەلایەنەکان دەکات به‌پێی ڕێككه‌وتنی ستراتیژی كار بكەن بۆ به‌رقه‌راركردنی ئاسایش.  

لە ڕاگەیەندراوێکدا پارتى دیموکراتى کوردستان باسی لەوەکردووە، وه‌كو هێزێكی سیاسی عێراقی و گه‌لی عێراق به‌ بایه‌خێكی زۆره‌وه‌ له‌ گفتوگۆی ستراتیژی نێوان حكومه‌تی عێراقی و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكای تایبه‌ت به‌ به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندییه‌كان و هاریكاری ستراتیژی نێوان هه‌ردوو وڵات و هه‌ردوو گه‌ل و ئاینده‌ی هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ وڵات ده‌ڕوانین. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هه‌وڵی بێ وچانی شاندی حكومه‌تی عێراقی و نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ میكانیزمێكی ئه‌رێنی تایبه‌ت به‌ ڕاگه‌یاندنی كۆتایی بۆ داماڵینی هۆكاره‌كانی ناسه‌قامگیری و ده‌مارگیری له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیی عێراق به‌رز ده‌نرخێنین.  

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" جه‌خت له‌ پێویستی پابه‌ندبوونی هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌پێی ڕێككه‌وتنی ستراتیژی و به‌ نیه‌تێكی پاكه‌وه‌ و دوور له‌ هه‌ر ڕێكارێك كه‌ ببێته‌ مایه‌ی ئاڵۆزكردنی بارودۆخه‌كی وڵات، به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكرێت بۆ پاڵپشتیكردن و به‌رقه‌راركردنی ئاسایش و سه‌قامگیری له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ پابه‌ندبوون به‌ هه‌موو به‌نده‌كانی نێو چوارچێوه‌ی ستراتیژی ده‌كه‌ینه‌وه‌". 


PM:04:30:28/07/2021