وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لەبارەی بڕیارەکەی یونسکۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت" ڕێکخراوی جیهانی یونسکۆ بڕیاریداوە هەورامان وەکو ناوچەیەکی کەلتوری-مێژویی لە ئاستی جیهاندا بناسێنێت، بڕیارەکە ئەوەمان پێدەڵێت کە کەلتوری دەوڵەمەندی ئەم سەرزەمینە شانازییە بۆ هەمو ئەوانەی کە خۆیان بەبەشێک لەگەلەکەمان دەزانن". 

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەراگەیەندراوێکدا لەبارەی بڕیارەکەی یونسکۆ بڵاویکردەوە" ناوچە دورە دەست و شاخاوییەکانی هەورامان لانکە و گەواهیدەری کلتوری خەڵکی هەورامانن، هەورامییەکان وەک بەشێک لە کورد لە 3000 ساڵ پێش زایینەوە لەو ناوچەیە دەژین، کاری باخداری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەکەن، لەناو دڵێ چیاکانی زاگرۆس، لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان بە درێژایی سنورەکانی رۆژئاوای ئێران، لە دو بەشی سەرەکی پێکهاتوە، لە ناوەراست و رۆژهەڵاتەوە ژاوەرۆ و تەخت ( لە پارێزگای سنە)" لە رۆژئاواشەوە لهۆن (لە پارێزگای کرماشان)".

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان باسی لەوەشکردوە، ئەو 12 گوندەی لە پرۆژەکەدان، گەواهیدەر و سەلمێنەری ئەوەن، خەڵکی هەورامان سەرەرای نەبونی خاکی بەپیت لە ناوچە شاخاوییەکانیان توانیویانە وەڵامێکی باشی سروشت بدەنەوە و خۆیانی لەگەڵ بگونجێنن، ئەمە دەرخەری ئەو راستییەیە، کە ئەم ناوچەیە لە دێر زەمانەوە شوێنی ژیان و ژیار بوە و رەهەندێکی گرنگی شارستانییەتی مرۆڤایەتی لە خۆیدا هەڵگرتوە و حەشارداوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم دەسکەوتە ئەوەمان پێدەڵێت کە کەلتوری دەوڵەمەندی ئەم سەرزەمینە شانازییە بۆ هەمو ئەوانەی کەخۆیان بەبەشێک لەگەلەکەمان دەزانن، تۆماری جیهانی هەورامان لەلایەن  یونسکۆوە هەموان دڵخۆش دەکات، بۆیە دەبێت پارێزگاری لە کلتوورو شێوەزاری ئەم ناوچە رەسەنە بکەین وەک سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی گەلەکەمان. 

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان رونیکردوەتەوە، یونسکۆ لە 1965ەوە کۆمیتەی شوێنەوارە جیهانییەکانی دامەزراند و لەو کاتەوە ساڵانە لیستی ناوچە پارێزراوەکان وەک سامانی جیهانی زیاتر دەکات، پیرۆزبایی لەخۆمان و نەتەوەکەمان و تەواوی خەڵکی هەورامان دەکەین و دەستخۆشی لەو بەڕێزانەش دەکەین لەخۆبوردوانە ساڵانێکە لەهەوڵدان بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەم کارە و دەستخۆشی لە یونسکۆش دەکەین و هەوڵەکانیان مایەی دەستخۆشییە. 

دوێنێ سێشەممە لە چل و چوارەمین دانیشتنی کومیتەی میراتی جیهانی ڕێکخراوی جیهانی یونسکۆ کە لە شاری فوجوی وڵاتی چین و بەئامادەبونی نوێنەری 139 وڵات بەڕێوەچو، ناوچەی هەورامان وەکو ناوچەیەکی کەلتوری-مێژویی لە ئاستی جیهاندا تۆمار کراو خرایە لیستی شوێنەوارەکانی جیهانەوە.


PM:05:10:28/07/2021