دادگای دەستپاکی سلێمانی فەرمانی دەستگیکردنی بۆ د. میران محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەرکرد

دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە سلێمانی " بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی چەک و خەرجکردنی چەکی بەڵێندەران"، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ د. میران محەمەد عەباس ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەرچوو .

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند " لە بەرواری 29/7/2021
دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی لە سلێمانی، بڕیاریدا بە دەستگیركردنی د. میران محەمەد عەباس، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی تەندروستیی سلێمانی، بەپێی ماددەی 15 لە یاسای دەستەی دەستپاكی، بەتۆمەتی تێوەگلانی لە دۆسیەی گەندەڵی و سپیكردنەوەی چەك و خەرجكردنی چەكی بەڵێندەران، كە شیاوی خەرجكردن نەبووە و چەكی بازاڕ بووە، كە بەنیوە قیمەت یان كەمتر لە قیمەتی خۆی كڕدراوەتەوە و دواتر بە نەقدی (نەختینە) خەرجكراوە، بە پشتگیریی تۆمەتباری ناوبراو".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد بەبەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم و عێراق، ئەم كارە بە " تاوان " هەژماردەكرێت و بەكارهێنانی دەسەڵات و پۆستە بۆ بەدەستهێنانی سوود و بەرژەوەندیی نایاسایی (كسب غیر مشروع).

د. میران محەمەد لە ئێستادا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی یەو لە سەر باڵی لاهور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەژمار دەکرێت



PM:03:17:29/07/2021