سزادراوەکانی بادینان ئامادەنین شایەدی لە دژی بەدل بەراوری و شڤان حاجی بەڕوشکی بدەن


ئەمڕۆ لە کاتی دادگاییکردنی بەدل بەرواری و شڤان حاجی بەرۆشکی هەریەک لە سزادراون کە پێکهاتوون لە شێروان شێروانی، شڤان سعید بەڕوشکی، ئەیاز کەرەم، گوھدار زێباری و ھاریوان عیسا، ئەمڕۆ وەک شایەد لە دانیشتنی دادگایی بەدەل بەرواری و شڤان حاجی بەڕوشکی ئامادەبوون، بەڵام ئەو ئیفادانەیان رەتکردەوە کەلە دادگاییکردنەکەدا خرایەڕوو.
  
شایان عەسکەری ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و بەشداربووی دانیشتنەکە لەبڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، دادگایی کردنی مامۆستا بەدەل بەرواری و شڤان حاجی بەڕوشکی، دوای وەرگرتنی ووتەی شاھێدەکان دواخرا، کە شێروان شێروانی، شڤان سعید بەڕوشکی، ئەیاز کەرەم، گوھدار زێباری و ھاریوان عیسایان کردبوو بە شاھید لەسەریان، لەگەڵ ھەواڵدەری نھێنی ژمارە ٥٠ ( کەس نازانێ کێیە ڕەنگە ھەر بوونیشی نەبێت).

  
دەشڵێت "کەسێکی تر کە سیخوری کردبوو بەسەریانەوەو لە کەیسی شێروان شێروانی و ھاورێکانیشی ئیفادەی دابوو و ئامادە نەبوو لە دادگا، ھەروەھا دوو کەسی دیکە بەڵام ئەو دووانە نە ئامادە بوون و نە ئیفادەی شاھیدیان خوێنرایەوە بەھۆی ئەوەی دەسگیرکرابوون، بۆیە دواخرا تا بانگھێشت بکرێن و شاھیدی بدەن".
  
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، پێنج شایەدەکەی بادینان ئەو ئیفادانانەیان ڕەت کردەوە کە بەناوی ئەوان خوێنرایەوە وەکو شایەت.
  
"نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش داوای کرد کە دادگا واژووی شێروان شێروانی بنێرێت بۆ بەڵگەی تاوان تا بیسەلمێنن ئەوە واژووی ئەوە یا نا؟ چونکە گەر واژووی ئەوی لەسەر بێت و ئینکاری ئیفادەکەی بکات، دادگا و پرۆسەی دادگایی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە"، شایان عەسکەری وایوت.
  
"شێروان شێروانی ووتی من ڕەنگە ٥٠ وەرەقەم پێ ئیمزا کرابێت لەژێر ھەڕەشەی خێزانی و لێدان، و بێ ئەوەی ئیفادەشم بۆ خوێنرابێتەوە پێیان ئیمزا کردووم، پرسیارم لە نوێنەری داواکاری گشتی کردووە مافم ھەیە ئیفادەکە بخوێنمەوە پێش ئەوەی ئیمزای کەم؟ خۆی لێ تووڕە کردووم و ووتویەتی بڕوات بە ئێمە نیە؟ ووتوومە: نەخێر".
  
 ئەیاز کەرەم ھەر لە ھۆڵی دادبینی ڕووی کردە نوێنەری ئەنجوومەنی ئاسایش و ووتی بە زەبری ھەڕەشە ئیفادەیان لێ وەرگرتووە، "ئەوانیش چاویان خستبووە چاوی و پێدەکەنین. شڤان حاجی بەڕوشکی کە ئەمرۆ دادگایی دەکرا لە کاتی چوونە دەرەوە ھاواری کرد ساڵێکە پارێزەرم نەبینیوە".  



PM:03:50:29/07/2021