سەرۆکی حکومەتی هەرێم و باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق کۆبوونەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارتن هوس باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق کرد کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپای کرد بۆ هەوڵەکانی لە پێناو برەودان بە پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانی داهاتوویدا.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ کارئاسانی و هەماهەنگیی دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزخانەی یەکێتی ئەوروپا، جەختی لە بەردەوامبوونی پشتگیریی یەکێتی ئەوروپاش بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە. 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، بارودۆخی گشتیی عێراق و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.


PM:02:13:01/08/2021