خێزانێکی کورد لە تورکیا لەچەند ساتێکی کەمدا ٧ کەسی لێکوژرا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکی داوای لێکٶڵینەوە لەم رووداوە دەکات.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند " چاوەڕوان دەکەین تورکیا دڵنیایی بدات لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەم ڕووداوە ناشرینە و هەر تۆمەتێکی تری رەگەزپەرستی دەكرێت."
ئێوارەی هەینی ٣٠ ی تەمموز خێزانێکی کوردی حەوت کەسی لە شاری کۆنیای تورکیا، لەلایەن چەند توركێکەوە هێرشكرایەسەریان و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە، كە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن، کۆمەڵکوژ کران.
ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا لەسەر زاری حەمدی داڵ برای حەکیم داڵ بڵاویکردەوە، لەبەر ئەوەی کوردن هێرش دەکرێتە سەریان و وتی، "لەبەر ئەوەی ئێمە کوردین ئێمەیان خۆشناوێت، دەیانگوت دەبێت ئێرە بفرۆشن و بڕۆن”.
ماوەیەکە لە تورکیا هێرشی تورکە توندڕەوەکان بۆ سەر خێزانە کوردەکان لە هەڵكشاندایەو، تەنها بە کوردانی باکوری کوردستانیشەوە نەوەستاوەتەوە، بەڵکو هەندێکجار خێزانە کوردەکانی باشووری کوردستانیش کە بۆ گەشتیاری و تەندروستی دەچنە تورکیا ڕووبەڕووی دەستدرێژ دەبنەوەو کراونەتە ئامانجی چەندان هێرش.