وەزیرێکی تورکیا: لە کۆی ٨٥ ئاگرکەوتنەوە ٧٤ یان کۆنترۆڵکراون

وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، بەکر پاکدەمیرلی رایگەیاند" لە کۆی ٨٥ ئاگرکەوتنەوە کۆنتڕۆڵکردنی ٧٤ ئاگری راگەیاند.

بەکر پاکدەمیرلی لە هەژمارەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر باسی لەو ئاگرانە کردووە کە لە ٢٨-٣٠ی تەمووز لە دارستانەکانی تورکیا کەوتوونەتەوە و نووسیوویەتی: " لە کۆی ئەو ٨٥ ئاگرەی لە ٢٦ پارێزگا کەوتوونەتەوە تواندراوە ٧٤یان کۆنتڕۆڵ بکرێن".

وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا خشتەیەکیشی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوە دەردەکەوێت کە لە ئادانا دوو، لە ئانتاڵیا سێ، لە مێرسین سێ، لە موغڵا دوو و لە عوسمانییە یەک ئاگر تا ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراون.

تا ئێستا زەرەری گیان و مادییەکانی ئاگرەکە بەتەواوی نەزانراوە، ‌هێندە نەبێت تەنها باس لەوە دەکرێت کە ٨ کەس بەهۆی ئاگرکەوتنەکانەوە گیانیان لە دەستداوەو ٥٨ برینداریش هەیە.

چاودێران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە سەد ساڵە تورکیا ئاگرکەوتنەوەی لەو شێوەیە گەورەو فراوانی بەخۆوە نەبینیووە کە ١٢٩ ئاگر کەوتۆتەوەو ٣٥ شاری تورکیاو باکوری کوردستانی گرتۆتەوە.




AM:09:48:02/08/2021