کاڵکان: پێویستە یەکێتی کێشەکانی لەسەر هێڵی یەکڕیزی و وڵاتپارێزی چارەسەر بکات

دوران کاڵکان، ڕایدەگەیەنێت، سلێمانی شارێکی زۆر گرنگە، بە وڵاتپارێزیی ناسراوە، نابێت سلێمانی وەک هەولێر و دهۆکی لێبێت، داواش دەکات، یەکێتی کێشەکانی خۆی لەسەر هێڵی نەتەوەیی و یەکڕیزیی و وڵاتپارێزیی چارەسەر بکات.

دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەری پەکەکە شەوی ڕابردوو لە بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەفیزیۆنی مەدیا هەبەر-دا لەبارەی ساڵیادی پەیماننامەی لۆزان و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە و رایگەیاند" ئەوەی ١٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا بەسەر کورددا هات، ئێستاش هەمان دۆخ بەردەوامە و هێزە نێودەوڵەتییەکان و هێزە داگیرکەرەکان، سیاسەتێکی هاوبەشیان هەیە بۆ ئەوەی یەکڕیزیی لەناو کورددا دروست نەبێت". 

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە، هەروەها وتی" بەهۆی ئەوەی پەکەکە، لەبەرامبەر داگیرکارییدا دەوەستێ، ڕووبەڕووی هێرشیکی گەورە بووەتەوە، هەمان شت بۆ یەکێتیش ڕاستە". 

کاڵکان، ڕوونیکردەوە، یەکێتی هەڵوێستی نەتەوەیی هەبوو، لەبەرامبەر داگیرکاریی هەڵوێستی نیشان دا، هەربۆیە کێشەی ناوخۆییان بۆ دروستکردن، چۆن هێرش دەکەنە سەر پەکەکە، هەمان شت بۆ یەکێتیش دەکەن.

دوران کاڵکان، جەختیکردەوە، پێویستە زۆر ئاگادار بین، دووژمنانە لەبەرامبەر یەکڕیزیی کوردان ناوەستن، بۆیە یەنەکە و هەموو ئەو هێزانەی دەیانەوێت کورد خاوەن هەڵوێستێکی هاوبەش بێت، هێرشیان دەکرێتە سەر.

هەروەها، بەبیری هێنایەوە، کە لە سەرەتای ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی یەکێتی کۆمیتەی پەیوەندیی دەرەوەی پەکەکە ڕاگەیەندراوی دابوو، ئێستاش پەکەکە هەمان هەڵوێستی هەیە و وتی" کات کاتی یەکێتییە، نەک شەڕی ناوخۆیی ناو حزبەکان، ڕۆژ ڕۆژی هێڵێکی نەتەوەیی دیموکراتیکە، کێشەی کورد بە یەکڕیزیی و لەسەر هێڵی ئازادیی و نەتەوەیی چارەسەر دەبێت". 

کاڵکان لە میانی چاوپێکەوتنەکەدا هیوای خواست، یەکێتی کێشەکانی خۆی لەسەر هێڵێکی نەتەوەیی و یەکڕیزیی و وڵاتپارێزیی چارەسەر بکات.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی یەنەکە، ئاماژەی بۆ گرنگیی شاری سلێمانی کرد و دەڵێت" سلێمانی شارێکی زۆر گرنگە، بە وڵاتپارێزیی ناسراوە، نابێت سلێمانی وەک هەولێر و دهۆکی لێبێت، ئەگەر وای لێبێت، زۆر مەترسیدارە، پێمانوایە بەرپرسانی یەنەکە ڕێگا بەوە نادەن، باوەڕمان وایە خەڵکی وڵاتپارێزی سلێمانییش ڕێگا بەمە نادەن، نابێ کەس ڕێگا بەمە بدات". 

ڕاشیگەیاند"  پێویستە هەڵوێستی یەکگرتنی کوردان لەسەر خەتی نەتەوەیی و ئازادیی و دیموکراتی، لە سلێمانییەوە بجێتە هەموو شوێنێک، سلێمانی شاری هونەر و ئەدەب و نیشتیمانپەروەرییە". 


PM:01:26:03/08/2021