بەرپرسێکى یەکێتى لە شیلادزێ له‌لایه‌ن "ئاسایشی پارتییه‌وه‌ فڕێندرا"

لێپرسراوی كۆمیتەی ئامێدی یەكێتی رایدەگەیەنێت" لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە لێپرسراوی كۆمیتەی خوێندكارانی سەر بە حزبەکەیان لە شیلادزێ دەستگیرکراوە و چارەنوسى نادیارە".   

هۆگر سەلیم، جێگری لێپرسراوی كۆمیتەی ئامێدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە میدیای فه‌رمی حزبه‌كه‌ی راگەیاند" بەیانی ئەمڕۆ لە شیلادزێ بیرهات مەهدی رێكانی، كە لێپرسراوی كۆمیتەی خوێندكارانی كوردستانە لە قەزای ئامێدی و ئەندام كۆمیتەی شیلادزێیە و كادرێكی چالاكە، لە ماوەی رابردووە تائێستا چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی شیلادزێیەوە هەڕەشەی لێكراوە و داوای لێكراوە بچێتە لای هێزە ئەمنیەكان". 

وتیشی" ئەمڕۆ كاتێك چوەتە لای هێزەكانی پۆلیس، لەوێ لەلایەن هێزێكی ئەمنیەوە كە دەستگیركراوە و دواتر هێزە ئەمنییەكان چونەتە سەر ماڵی و ماڵەكەیان پشكنیوە و تائێستا چارەنوسی نادیارە".

ئەوەشی خستەڕوو: ئەمە جاری یەكەم نیە لەو سنورە كە لە لایەن هێزە ئەمنیەكان كادرانی یەكێتی رووبەڕووی هەڕەشە و دەستگیركردن دەبنەوە، بۆیە هەركاتێك بیانەوێت كەسێك دەستگیربكەن تۆمەتێكی سیاسی بێبنەمایی بۆ دروست دەكەن و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە خەڵك بترسێنن.

میدیای یه‌كێتی ئه‌وه‌شی باسكردووه‌، دوای دەستگیركردنی بیرهات رێكانی، هێزێكی ئەمنی بەژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێلەوە داویانە بەسەر ماڵەكەیدا و كۆمپیتەر و مۆبایل و هەموو پێداویستیەكی تایبەتی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردوە و سەرجەمی ئەو كامێرا چاودێریانەشی لە نزیك ماڵی بیرهات رێكانی بوون بردویانە. 


PM:02:45:12/08/2021