قایمقامیەتی ھەولێر لەبارەی لێدوانێك سکاڵا لەسەر هاوڵاتییەک تۆمار دەکات

قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر رایدەگەیەنێت" بەتۆمەتی تەشیرکردن و قسەی بێ بنەما سکاڵا لەسەر هاوڵاتییەک تۆماردەکەین کە باسی لە کەمئاوی کردبوو". 

قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە هاوڵاتیەک کە لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لە کەمئاوی کردبوو بڵاوکردەوە و دەڵێت" بەهەوڵی پارێزگاری ھەولێر و سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان کۆلان بە کۆلان و ماڵ بە ماڵی ئەو گەڕەکانەی ئاوی خواردنەوەیان پێویستبووە بۆیان دابینکراوە، لەلایەکی تریشەوە لەسەر راسپاردەی پارێزگاری ھەولێر، ئاگاداری سەرجەم ھاوڵاتیانی ئەو شارە کراوەتەوە، ھەرماڵێک پێویستی بەتانکەری ئاو بوو لەڕێگای ژمارە تەلەفۆنەکانی سەرجەم شارەوانییەکان دەتوانن راستەوخۆ پەیوەندی بکەن و داوای تانکەری ئاوی خواردنەوە بکەن بەبەردەوامی".

لە ڕوونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتووە" ئەو ھاولاتیە باس لە دانانی عارەبانە و کاروکەسابەتی دەکات لەناو بازاڕی شاری ھەولێر، بە ووتەی ئەو گوایە لەلایەن قائیمقامیەتەوە رێگری لێکراوە، دانان و لادانی عارەبانە و زێدەڕۆیی کاری تیمەکانی شارەوانی و پۆلیسی شارەوانیە نەوەک قائیمقامیەت و ووتەکانی ئەو ھاوڵاتیە ھیچ بنەمایەکی نیە، رۆژێک لەڕۆژان سەردانی قائیمقامی ھەولێری نەکردووە، یاخوود داوای لە قائیمقام کردبێت و بەم شێوەیەی ئەو باسی دەکات وەڵامی درابێتەوە".

روونیشیکردەوە، لەبەرامبەر ئەو تاشیرکردن و ئەو قسە بێ بنەمایانەی ئەو هاوڵاتییە ناچارن رێکاری یاسایی بگرنەبەر و سکاڵای لەسەر تۆماربکەن. 


PM:04:15:22/08/2021