لەتیف شێخ مستەفا: دەیان وت ئەگەر مالیکی ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران ســەربەخـۆیی ڕادەگەیەنین

پسپۆڕێکی یاسایی و دەستووری رایدەگەیەنێت" لەسەر ئەم مالکیە کە دەیانوت ئەگەر ببێتەوە بەسەرۆک وەزیران سەربەخۆیی ڕادەگەینین و بەدوژمنی سەرسەختی کوردیان لە قەڵەم دەدا".

حاکم لەتیف شێخ مستەفا پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و پسپۆڕی یاسای دەستوری لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لە پەیامێکدا لەبارەی سەردانەکەی نوری مالیکی بۆ هەرێم دەڵێت" ئای لەسەر ئەم مالکیە کە دەیانوت ئەگەر ببێتەوە بەسەرۆک وەزیران سەربەخۆیی ڕادەگەینین و بەدوژمنی سەرسەختی کوردیان لەقەڵەم دەدا، سوکایەتیان بە ئێمە کرد و تۆمەتیان بۆ ھەلبەستین گوایا ئێمە پیاوی مالکین، ھەر لەبەرئەوەی بۆ خەلکی ھەموو کوردستان و عێراقمان روندەکردەوە کێشەکانی نێوانیان سیاسیەو دروست کراوە". 

دەشڵێت" لەکاتێکدا خۆشیان دەیانزانی بەندە بەھێزترین ئۆپۆزسیۆنی مالکی بووم،  لە سالی ٢٠١٢  کاتێک مالکی ھێزەکانی دیجلەی دروست کردوو ھەرەشەی ھێرش کردنی دەکرد بۆ سەرکوردستان نوسراوێکم ئامادەکرد لەسەر سەرپێچیە دەستوریەکانی مالکی سەبارەت بە دروست کردنی ئۆپەراسیۆنی دیجلە و بەکارھێنانی ھێز لە ململانێی ناوخۆییدا و بەناوی ھەموو پەرلەمانتارانی کوردەوە ئاراستەی مالکی کرا". 

لەتیف شێخ مستەفا لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا ڕوونیشیکردەوە، ھەروەھا تاقە پەرلەمانتاریش بووم کۆنگرەی رۆژنامەنوسیم لەسەر مالکی کردوو تەحەدام کرد بێ لەناو پەرلەمان ڕووبەڕوو بۆی بسەلمێنین چەند پێشێل کاری دەستوری کردوە، لە کۆبونەوەکانیش بەدەنگی بەرز وەڵاممان دەدایەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە" کەچی ھەرلەو کاتەدا سەرۆکی ھاوپەیمانی کوردستانی کە ھەردوو حیزبی یەکێتی و پارتی لەخۆ دەگرت سێ دانە مانگ تاوەکو ئەوکاتەی گرژیەکان کەمێک خاوبونەوە بەناوی نەخۆشیەوە مۆڵەتی وەرگرت". 

باس لەوەش دەکات، ئەوەتا ئێستا باوەشی گەرمیان بۆ کردۆتەوە و دیاری پێشکەش دەکەن و باس لە پەیوەندی توندوتۆڵی مێژویی و ھاوپەیمانێتی نێوانانیان دەکەن بەڵێ ھەمووی سیاسەت بوو، دەشزانین لە سیاسەتیش بەرژەوەندی ھەیە نەک دۆستایەتی و دوژمنایەتی بەردەوام خۆشیان دەیانزانی، بۆیە حەق نەبوو ئەوانیش خەلکی لەسەر تەخوین بکەن. 


PM:10:46:25/08/2021