"بازگەکانی کەرکوک رێگا لە کاندیدەکانی پارتی دەگرن"

كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، دەیانەوێ بچنە كەركووك بانگەشە بكەن، بەڵام لە بازگەی كەركووك رێگرییان لێ كراوە و  ئەمەش بووەتە ئاستەنگێكی گەورە بۆ بانگەشە. 

ھەوار محەمەد بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی "وشە" ی نزیک پارتی راگەیاندووە "ئێمە لە پارێزگای كەركووك نووسینگەیەكمان بۆ سەرپەرشتیكردنی بانگەشەی ھەڵبژاردنەكان كردووەتەوە، بەڵام ھێزە تەناهییەكانی كەركووك لە بازگەی ھەولێر بۆ كەركووك، رێگرییان لە چوونی كاندیدانی ئێمە بۆ كەركووك دەكرد و رێیان نەدەدا بچنە ناو جەماوەری خۆیان و بانگەشە بكەن، ئەمەش كێشەمان بۆ دروست دەكات".

ئەو بەرپرسەی پارتی روونیكردۆتەوە، "دوای ھەوڵێكی زۆر، توانرا ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت و رێ بە كاندیدەكانیان بدرێت بچنەوە كەركووك، بۆیە گەڕاونەتەوە شارەكە، بەڵام تا بارەگاكانی پارتی نەگەڕێنەوە، ئەو كێشانە بەردەوام دووبارە دەبنەوە، ئەوان نایانەوێ پارتی بگەڕێتەوە، بۆیە بەربەست دروست دەكەن" .

هەوار محەمەد، وتووشیەتی "چەندان جار رێگرییان كردووە بەتایبەت لە شاخەوان عەبدوڵا كە كاندیدی پارتییە لە كەركووك و پێگەیەكی جەماوەری لە شارەكەدا هەیە".



AM:12:44:02/09/2021