پەرلەمانتارێک: چوار عەرەب بە وەزیر و بریکاری وەزیر لە هەرێم خانەنشین کراون

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" چوار نوسەر و چالاکوانی عەرەب لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پلەی وەزیر و بریکاری وەزیر خانەنشین کراون بەبێ ئەوەی ھیچ پلەیەکی ئیداریان ھەبوبێت".

عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی بەوەکردووە" ئەمڕۆ وردبونەوەیان لە ناوی خانەنشینی پلە باڵادا کردوە و  ئەوەی تێبینییان کردوە چوار ھاوڵاتی عەرەب بەبێ ئەوەی ھیچ پلەیەکی ئیداریان ھەبوبێت لە ھەرێمی کوردستان چەندین ساڵە سیانیان بە وەزیرو یەکیان بە بریکاری وەزیر خانەنشین کراون "من ئەمەم دەستکەوت، ڕەنگە شتی سەیرتر ھەبێت".

باسی لەوەشکردووە، ڕەنگە ئەمانە خەڵکێکی باش و نوسەرو چالاکوان بن، بەڵام موچە سیستمە و موڵکی گشتیە ، ئەوە نیە ببەخشرێتەوە ئەم دۆست و ئەو دۆست لەسەر حسابی خەڵکی کوردستان، پێشتر ئەم کەسانەو ئێستاش مانگانە وارسەکانیان دێن و ئەم ھەمو ملیۆنە دینارە وەردەگرن و دەیبەنەوە بەغداو دەرەوەی وڵات، دەزانم ئەو پارەی لە قاچاخی و کۆمپانیاکاری نەوت و زەوی نایاب و خاڵە سنوریەکان و ھتد دەستدەکەوێت، ھەزاران جار لەم ملیارە دینارانەی خانەنشینی پلە باڵا زیاترە بەڵام ئەمە ئاماژەیە بۆ نادادی و بێ باکی. 

عەلی حەمە ساڵح ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا پاش هەوڵی چەند ساڵە خانەنشینیەکەیان ڕادەگیرێت، بەڵام وانەی گەورەی نادادی و جەھالەتی حوکمڕانی تێدایە، دەزانی شەش ساڵە ١٠٠ ھەزاری موچەی ئەو ئافرەتانە ڕاگیراوە کە ھاوسەریان نیەو چەندین ھەتیو بەخێو دەکەن، بەڵام لەولاش ئەمە دەبینی ملیۆنان دینار بۆ کێ. 


AM:12:01:11/09/2021