سەرۆکی چاودێرانی یەکێتى ئەوروپا: ئارامى و ئاسایش بۆ پڕۆسەى هەڵبژاردنى عێراق گرنگە

سەرۆکی چاودێرانی یەکێتی ئەوروپا کە وەک نێردەی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریکراوە، رایگەیاند، نە ئەوان و نە هیچ لایەنێکی دیکەش ناتوانن گرەنتی بدەن کە لە هەڵبژاردنەکاندا ساختەکاری ئەنجام نادرێت، دەشڵێت" ئارامى و ئاسایش بۆ پڕۆسەى هەڵبژاردنى عێراق گرنگە". 

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ڤیولا ڤۆن کرامۆن، سەرۆکی چاودێرانی یەکێتی ئەوروپا، نێردەی چاودێری هەڵبژاردن بۆ کۆماری عێراق لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی چاودێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند" لەلایەن حکومەتی عێراقەوە داوامان لێکراوە بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، هیوادارین هەڵبژاردنێکی شەفاف و دور لە ساختەکاری بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو بەڕێوەبچێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە و هیچ کەسێکی دیکەش ناتوانێت لەم کاتەدا گرەنتی هەڵبژاردنێک بکات بەبێ ساختەکاری، بەڵام هیوادارین کە هەڵبژاردنێکی باش و بێستاختەکاری بێت.

جەختیشیکردەوە، ئێمە لێرە چاودێری دەکەین تاوەکو بتوانین دوو رۆژ دوای هەڵبژاردن لەناو راپۆرتەکەماندا هەرچی شتێک کە بینیومانە بیخەینەڕوو. 

سەرۆکى نێردەى یەکێتى ئەوروپا بۆ چاودێرى هەڵبژاردنى عێراق ڕاشیگەیاند" ئارامى و ئاسایش بۆ پڕۆسەى هەڵبژاردنى عێراق گرنگە، قسەمان لەگەڵ هەموو لایەنەکان کردووە و بەڵێنیانداوە پابەندبن". 

ڕوونیشیکردەوە،  لەرێگەى سۆشیال میدیاوە رەخنە و نیگەرانییەکانى خەڵکمان لایە و ئاگادارى نیگەرانیەکانن، بەڵام گرنگە خەڵک بەشدارى کارا لە پڕۆسەکەدا بکات و دەنگ بدەن.


PM:04:50:18/09/2021