وێنە.. کادیرێکی یەکێتی‌و کادیرێکی هەدەپە هەریەکەیان بە ٧ ساڵ زیندانی حوکمدران

مەلا نەزیر، ئەندامی بەرپرسی پەیوەندیەکانی یەکێتی لە زاخۆ و نعمەت گونەش، ئەندامی هەدەپە لەلایەن دادگای دهۆكەوە بە حەوت ساڵ زیندانی سزادران.
ئەمڕۆ یەک شەممە لە دانیشتنی دادگاییكردنی مەلا نەزیر، بەرپرسی پەیوەندیەکانی یەکێتی لە زاخۆ و نعمەت گونەش، ئەندامی هەدەپە دادگای دهۆك بە تۆمەتی "پەیوەندییان لەگەڵ پەكەكە”دا بە حەوت ساڵ زیندانی سزادران.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، حاجی نەبی، برای مەلا نەزیر رایگەیاند " ئەمڕۆ لە دادگا ئامادەبوون، هیچ بەڵگەیەكی تاوان نەبوو بۆ حكومدانیان، بە تۆمەتبی ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ پەكەكە هەبووە.دادوەر هەریەكەیانی بە حەوت ساڵ زیندانی سزادا و بەهیچ شێوەیەك نەیانهێشت ئێمە قسەیان لەگەڵ بكەین".

ڕۆژی ١١ی شوباتی ئەمساڵ، هێزێکی ئاسایشی بە ئۆتۆمبیلی جام ڕەش، هەڵیان کوتایە سەر ماڵی مەلا نەزیر بەرواری، لە دوای پشکنینی ماڵەکەی مەلا نەزیریان دەستگیر کرد و لەگەڵ خۆیانیان برد.

هەروەها، نعمەت گونەش، ئەندامی هەدەپە، تەمەنی ٥٥ ساڵە و ١٠ ساڵە لە هەرێمی كوردستانە و لە زاخۆ نیشتەجێبووە، لە مانگی ١٢ چووەتە هەولێر و لە ٥ی شوبات لەلایەن ئاسایشی زاخۆوە بانگهێشتکراوە و ئیتر نەگەڕاوەتەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ مەلا نەزیردا بە حەوت ساڵ زیندانی سزادران.



PM:08:24:19/09/2021