نێچیرڤان بارزانى و باڵیۆزى نه‌مسا کۆبوونەوە

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ باڵیۆزى نه‌مسا له‌ ئوردن و عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا باس لە برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێم و نەمسا لە بوارى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و ده‌رفه‌تى كار و وه‌بەر‌هێنان کرا. 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، به‌یانى ئه‌مڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ئۆسكار ڤوستنگه‌ر باڵیۆزى نه‌مسا له‌ ئوردن و عیراق كرد، باس له‌ په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ و له‌ مێژینه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ نه‌مسا كرا و خواستى هاوبه‌شیان بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا دوپات كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ بوارى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و ده‌رفه‌تى كار و وه‌بەر‌هێنانى نه‌مساییدا له‌ هه‌رێمى كوردستان و عیراق. 

ئاماژە بەوەشکراوە: هه‌ردوولا تیشكیان خستە‌ سه‌ر كۆبونه‌وه‌ى شاندێكى بازرگانیى نه‌مسایى كه‌ به‌ یاوه‌ریى باڵیۆزى نه‌مسا سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان كردوه‌ و دوێنێ له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ بازرگانان و كۆمپانیاكانى هه‌رێمى كوردستان دیدار و كۆبونه‌وه‌یان هه‌بوه‌ و له‌ ده‌رفه‌تى كار و هاریكاریى هاوبه‌ش و سه‌رمایه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانینان كۆڵیوه‌ته‌وه‌ و هیوایان خواست ببیته‌ هه‌نگاوى گه‌ڕانه‌وه‌ى كۆمپانیا نه‌مساییه‌كان بۆ هه‌رێمى كوردستان.

لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" نێچیرڤان بارزانى وێڕاى ستایشى دۆستایه‌تى و پشتگیریى نه‌مسا له‌ گه‌لى كوردستان، ئاماژه‌ى به‌ یارمه‌تییه‌كانى نه‌مسا كرد به‌تایبه‌تیش كاتێك حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى ڕابردو یه‌كێك بو له‌و وڵاتانه‌ى یه‌كه‌مجار ده‌رگاى به‌ ڕوى په‌نابه‌رانى كوردستاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها گه‌شتى ڕاسته‌وخۆى ئاسمانیى هێڵى ئاسمانیى نه‌مسایى له‌نێوان هه‌ولێر و ڤییه‌ننادا به‌ پردێكى گرنگیى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ جیهانى ده‌ره‌وه‌ له‌ قه‌ڵه‌مدا".

ئەوەش خراوەتەڕوو: چالاكییه‌كانى نوێنه‌رایه‌تیى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڤییه‌نا، په‌تاى كۆڤیدـ19 له‌ هه‌رێمى كوردستان و نه‌مسا و چۆنیه‌تیى ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى، شه‌ڕى دژى تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، چه‌ند لایه‌نێكى دیكه‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌ بوون.


PM:01:21:22/09/2021