ئۆردوغان و بەرهەم ساڵح کۆدەبنەوە

سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، چاویکەوت بە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیھان گفتوگۆیان کرد.

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوکراوەتەوە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و کارکردن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەبوارە جیاجیاکاندا، بە جۆرێک لەبەرژەوەندی هەردوو گەل و وڵاتدا بێت.

ھەر لە دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح جەختی لە گرنگی چەسپاندنی سەقامگیریی ناوچەکە و کەمکردنەوەی بارگرژییەکان و پشتگیریکردن لە دیالۆگ و بەیەکگەیشتن و گفتوگۆکردن لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و رێزگرتن لە سەروەری وڵاتان و رەتکردنەوەی دەستوەردان و پەلاماردان و ھەر جۆرە کارێک کە دەبێتە ھۆی لاوازکردنی متمانە و دروستکردنی ھەڕەشە بۆسەر ئاشتی و پێویستی کارکردنی ھاوبەش بە ئاڕاستەی ھێنانەئاراوەی ئاسایش و ئاشتی و ئارامی بۆ تەواوی ناوچەکە و جیھان، کردووەتەوە.

لای خۆیەوە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان هەوڵەکانی عێراقی بەرزنرخاندووە بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە لە رێگەی دیالۆگ، هەروەها پشتیوانی وڵاتەکەشی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دووپاتکردووەتەوە.

تا ئێستا سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا هیچ راگەیاندنێکی لەو بارەیەوە بڵاونەکردۆتەوەو، هەر هێندە لە میدیاکانی تورکیا بڵاوکراوەتەوە کە لە میانەی ئەو کۆبوونەوانەی تەیب ئۆردوغان سازیکردووە لەگەڵ بەرهەم ساڵح ی سەرۆک کۆماری عێراق کۆبۆتەوە. 
 



AM:12:11:23/09/2021