رۆژنامەنووسێکی بادینان ساڵێک حوکمدرا



بەتۆمەتی " ناو زڕاندن " رۆژنامەنووس ئۆمێد بەرۆشکی کە یەکێکە لە دەستگیرکراوەکانی بادینان بەیەک ساڵ زیندانی حکومدرا 

رێخراوی CPT لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بەتۆمەتی ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی پۆستی فەیسبووک لەسەر پۆلیس و پارێزگاری دھۆک، ئەمڕۆ ڕۆژنامەوان ئومێد بەڕوشکی بە سزای ساڵێک زیندانیکردن حکومدرا".

لە ٢٢ی حوزەیرانی ئەمساڵدا، ئومێد بەھەمان تۆمەت سزای ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێندرا و لە ئێستاشدا چاوەڕێی دانیشتنی دادگاییکردنی سێیەمی دەکات کە بڕیاروایە لە ١٢ی تشرینی یەکەم بەڕێوەبچێت و تۆمەتبارکراوە بە سیخوڕیکردن و ئەنجامدانی کاری تێکدەران. 

ئەوە چوارەمین جارە کە ئومێد بە تۆمەتی ناوزڕاندن حوکمدەدرێت و دۆسیەیەکی تری ناوزڕاندنیش لەسەری کراوەتەوە، چاوەڕێ دەکات ڕۆژی دانیشتنی ئەو دادگاییەش دیاری بکرێت.

‎لەم کتەدا ئومێد بەرۆشکی لەناو دادگای دهۆک ڕایگەیاند، کە هەشت ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە و تەندروستیی باش نییە.



PM:03:54:23/09/2021