سەرەتای هەفتە دەست بەدابەشکردنی نەوت دەکرێت

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاشکرای دەکات، سەرەتای هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.

 ئاری کاکەشین بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە  ٣٠ ی  ئەیلول بە میدیاکانی پارتیی ڕاگەیاندووە" سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست ده‌كه‌ن بە دابەشکردنی نەوتی سپی به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا و هەر ماڵێك ٢٠٠ لیتر کە دەکاتە بەرمیلێك، نەوتی پێدەدرێت و نرخی هەر بەرمیلێک ٥٥ هەزار دیناری عێراقی دەبێت. 

  ئاماژەی بەوەشکردووە، " لە قۆناغی یەکەمدا زیاتر لە ٢٥ ملیۆن لیتر نەوتی سپی دابەش دەکەین، لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە پڕۆسەکە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە یەکەوە دەستپێدەکات، بۆیە داوا لە بریکارەکان دەکەین، هاووڵاتییان ئاگادار بکەنەوە."   

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو "هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە، بۆ ئەوەی بەخێرایی بەر لە دەستپێکردنی وه‌رزی سەرما و سۆڵە نەوت بگاتە دەست دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەکان، بۆ ئەوەی ناچار نەبن پەنا بۆ بڕینەوەی دار ببەن، تاوەکو کاریگەری نەرێنی لەسەر ژینگە و سروشتی کوردستان نەبێت."   



PM:08:12:30/09/2021