لە سلێمانی گومان لە مردنی سێ مناڵ دەکرێت


بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری لە سلێمانی دایکان و باوکان هۆشیار دەکاتەوە لە پێدانی دەرمانی خۆماڵی و گژوگیا و دەڵێت " گومان ئەکرێت مردنی سێ منداڵ لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ئەوە بوبێت".

لە نوسراوێکدا د. پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری لە سلێمانی شەممە ٢ی تشرینی یەکەم ئاماژە بۆ ئەوە دەکات " لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زیاتری منداڵان داخڵی نەخۆشخانە کراون کە لە دەرەوەی نەخۆشخانە دەرمانی خۆماڵی و گژوگیایان دراوەتێ و گومان دەکرێت مردنی سێ منداڵ لەو منداڵانە هۆکارەکەی بەکارهێنانی ئەو دەرمانانە بێت ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ."   

ئەوەشی راگەیاند "داوا لەهەموو دایکان و باوکان ئەکەین تکایە بێ ڕێنمایی پزیشکی پسپۆڕی منداڵان دەرمان بەکارمەهێنن بۆ منداڵەکانتان."  

د. پشدەر عەبدوڵا، داواشی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی کردووە بەدواداچوون بکەن بۆ ئەوەی ئەو بابەتە نەبێتە هۆی مردنی منداڵی زیاتر.  



PM:09:53:02/10/2021