سەڵاحەدین بەهادین: بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردن كەسانی ناشایستە دەباتە پێشەوە

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت" هەڵبژاردن باشترین بەرهەمی عەقڵی مرۆڤەو تاكە بژاردەی شارستانی و گونجاوە بۆ دیاریكردنی نوێنەرانی خەڵك لەسەنتەری بڕیارو یاسادانان و ئیدارەی وڵاتدا". 

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی کوردستان، ئەمڕۆ سەڵاحەدین بەهادین، لە میانەی بەشدارییكردنی لە كۆبونەوەی مەڵبەندی سلێمانی یەكگرتوو و لیژنەی هەڵبژاردنەكانی حزبەكەیدا رایگەیاند" سەرباری تێبینیەكانمان لەسەر پرۆسەكانی هەڵبژاردن لە رابردودا، بەڵام هەڵبژاردن باشترین بەرهەمی عەقڵی مرۆڤە و تاكە بژاردەی مەشروع و شارستانی و گونجاوە بۆ دیاریكردنی نوێنەرانی خەڵك لە سەنتەری بڕیار و یاسادانان و ئیدارەی وڵاتدا". 

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لەبەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوەشکرد: دەخوازین ڕێكخستنەكانمان و هاوڵاتییان بەگەرموگوڕییەوە بەشداری پرۆسەكە بكەن و نابێت بەناوی ناڕەزایی و بێزاریتان لە ستەم و گەندەڵی و قۆرخكاریی دەسەڵات، بایكۆت بكەن و نەچن بۆ سەر سندوقی هەڵبژاردن، چونكە بەوە خۆتان لە مافێكی یاسایی مەحروم ئەكەن و لە ئەركێكی شەرعی خۆتان دوائەكەون و فرسەت بە كەسانی نەشارەزاو لێ نەهاتوو ئەدەن نوێنەرایەتیتان بكات.

باسی لەوەشکرد: دڵنیاین ئەو كاندیدانەی ئێمە پشتیوانیان ئەكەین لای خەڵك خۆشەویست و ڕێزلێگیراون و خاوەن مێژوو و ڕابردوویەكی پاكن و شایستە نوێنەرایەتی خەڵكن.


PM:11:15:04/10/2021