وادەى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانی عێراق دیاریکرا

جێگری سەرۆكی پەرلەمانى عێراق رایدەگەیەنێت" رۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق هەڵدەوەشێتەوە و هەموو ئەو پڕۆژەیاسایانەی ماون دەچنە خولی داهاتوو". 

بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ بە میدیاى فەرمى حزبەکەى راگەیاند" رۆژی پێنجشەممە كە دەكاتە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە، بە مەرجێك هەڵبژاردن رۆژی ١٠ی ١٠ی ٢٠٢١ بەڕێوە بچێت، كە بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، هیچ دانیشتنێك ناكرێت".  

ئاماژەی بەوەشکرد: تا ئێستا هەموو ئاڕاستەكان بەرەو ئەوەن كە هەڵبژاردن دەكرێت و ئامادەكارییەكان تەواو بوون، لەبەر ئەوە رۆژی پێنجشەممە پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە و سیفەتی فەرمیی نامێنێ، هەموو ئەو پڕۆژەیاسایانەش كە ماون، دەچنە خولی داهاتوو. 

بەشیر حەداد باسى لەوەشکرد: خولى نوێى پەرلەمان پاش پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت ئاگاداریان دەكاتەوە لە بوونی ئەو پڕۆژەیاسایانە بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەن، كە كامەیان زیاتر پێویستە بەپێی بەرنامەی حكوومەت و هەماهەنگی نێوان پەرلەمان و حكوومەتی نوێ.  

ئەمڕۆش کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر ٧:٠٠ی بەیانی دەستپێدەکات و لە کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارە کۆتایی دێت.


PM:06:41:05/10/2021