جوڵانەوەی نەوەی نوێ پڕۆژەیەکی بۆ یەکڕیزی کورد و گۆڕانکاری راستەقینەی لە هەرێم ڕاگەیاند

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ڕاگەیەندراوێکدا پڕۆژەیەکی بۆ یەکڕیزی کورد و گۆڕانکاری راستەقینە لە هەرێم و ڕێکخستنی نێو ماڵی کورد  ڕاگەیاند و دەڵێت" پێمان وایە کارکردن بۆ یەکدەنگی و یەکڕیزی دەبێ سەرەتا لە خزمەتی هاوڵاتیانی کوردستانەوە دەست پێبکات". 

لەراگەیەنراوێکدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە ناونیشانی (پرۆژەی نەوەی نوێ بۆ یەکریزی کورد و گۆڕانکاری راستەقینە لە هەرێم و رێکخستنی نێو ماڵی کوردی) ئاماژەی بەوەکردووە" پاش ئاساییکردنەوەی ئەو دۆخەی لە هەرێمی کوردستان سەری هەڵداوە لە پاش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، کە خۆی لە گرانکردنی نرخی بەنزین و کەمکردنەوەی پێدانی کارەبای نیشتمانی و گرانکردنی نرخی غازی ماڵان و نەوتی سپیدا دەبینێتەوە، لەمکاتەدا کە بەرەو وەرزی سەرما سۆڵە دەچین و ئەمەش بارگرانیەکه زۆری لەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دروستکردوەو، ئێمە پؽمان وایە کارکردن بۆ یەکدەنگی و یەکڕیزی دەبێ سەرەتا لە خزمەتی هاوڵاتیانی کوردستانەوە دەست پێبکات بەشێوەیەک ئاسانکاری بۆ ژیان و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان بکرێت نەک بارگرانیان بۆ دروست بکرێت". 

دەشڵیت" تا ئێستا ئەم شێوازە حوکمرانیەی هەرێم نەتوانیوێتی خزمەتی خەڵکی هەرێم بکات و نە توابیوێتی پێگەی کورد لەبەغدا بەهێز بکات، هەمیشە لە ساڵانی رابردودا کورد لاواز و پەرتەوازە دەرکەوتووە، لە ناوخۆی هەرێمیش هەم دامەزراوەکان لاواز بوون و هەم دۆخی خەڵک باش نەبوە و هەمیش پەرتەوازیی بە لایەنە سیاسییەکانەوە دیار بووە". 

باسی لەوەشکردووە: جوڵانەوەی نەوەی نوێ چەند خاڵێکی دیاری کردوە بۆ ئەوەی کورد لە ناو هەرؽم و لە دەرەوەی هەريم بەهێز بێت و لە بەغدادیش قورسایی زیاتری هەبێت، ئەم خاڵانە وا دەکات کە دامەزراوەکانی هەرێم بەهێزتر بن، وا دەکات میللەتی کورد ئەم دامەزراوانە بە هی خۆیان بزانن، هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکان ئەم دامەزراوانە بە هی خۆیان بزانن و خودی دامەزراوەکانیش ببنە چەترێک و هەموان لە ژێریدا کۆببینەوە، کاتێک دامەزراوەکانی هەرێم بەهێز دەبن، ئەوکات ئەم دامەزراوانە دەبنە نوێنەری میللەتی کورد و هیچ پەرتەوازەیی و دابەشبوونی پێوە دیار نابێت، و خودی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت و سەرۆکایەتی پەرلەمانیش بەهێزتر دەبن.

خاڵەکانی کە نەوەی نوێ دیاریکردوون بۆ یارمەتیدانی دروستبونی یەکریزی کوردی و رێکخستنی نێوماڵی کوردی، بریتین لە:

١- جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت کە بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقدا ناکات، هیچ پۆست و وەزارەتێکمان ناوێت.

٢- پێویستە کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دیاری بکرێن، تاوەکو ئەو دوو هەڵبژاردنە نوێنەری خەڵک دیاری بکەن و پەرلەمانی داهاتوو ببێتە کۆکەرەوەی هەموو لایەنەکان.

٣- کۆمسیۆنی نوێی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە خەڵکانی بێلایەن و شارەزا دروست بکرێت و دوور بێت لە پشک پشکێنەی حیزبی.

٤- هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی دادوەری ئێستای هەرێم و هەڵبژاردنی ئەنجومەنێکی نوێ لە کۆمەڵێک دادوەری بەتوانا، کە دور بن لە ئینتیمای حیزبی و پشک پشکێنەی لایەنە سیاسییەکان.

٥- ئازادکردنی سەرجەم دەستگیرکراوانی سیاسی و چالاکوان و رۆژنامەنوسان، وەک هەڵدانەوەی پەرەیەکی نوێ.

٦- دروستکردنی لیژنەیەک کە نوێنەرایەتی هێزە کوردستانییەکان و لیستە براوەکان بکات و بچن بۆ بەغداد بۆ ئەم داواکاریانە:

ئەلف/ بە هیچ شێوەیەک لە سەرەتادا باس لە وەرگرتنی وەزارەت و پۆست بۆ حزبە کوردیەکان نەکرێت (وە لە هەموو حاڵەتێکدا نەوەی نوێ هیچ پۆست و وەزارەتی ناوێت).

ب/ داواکردن بۆ رێکەوتن لەسەر گێڕانەوەی ناوچەکانی مادەی ١٤٠ ، وە لایەنی کەم دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک.

ج/ چارەسەرکردنی کێشەی پێشمەرگە و موچە و ئیمتیازاتیان و هاوتاکردنەوەی لەگەڵ موچە وئیمتیازاتی سوپای عێراق.

د/ جێگیرکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان بە شێوەکی بەردەوام کە دڵنیایی تەواو بداتە هاوڵاتیانی کورد و فەرمانبەران.

نەوەی نوێ لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیشیکردەوە: ئەم خاڵانەی نەوەی نوێ داوای دەکات هیچی بۆ خۆی و لە پێناو بەرژەوەندی خۆی نییە، بەڵکو لە پێناو خەڵکی کوردستان و بەرەوپێشبردنی هەرێمەکەمان و رزگارکردنی هاوڵاتییانە لەم دۆخە ناهەموارە و کۆکردنەوەی تەواوی رەنگە جیاوازەکانی کوردستانە لە ژێر چەتری دامەزراوەکانی هەرێم.


PM:12:22:18/10/2021