" کۆسرەت رەسوڵ دەگەیەندرێتە نەخۆشخانەکانی ئەوروپا "

چەند رۆژێکە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی کە ساڵانێکە نەخۆشەو چەندانجار چارەسەری بۆ کراوە، جارێکی تر گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دەرەوەی ولآت و لە ئەورپا خەریکی وەرگرتنی چارەسەرە.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " هەفتەی رابردوو جارێکی تر کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکی ئەنجومەنی بالآی یەکێتی براوەتەوە دەرەوەی ولآت بۆ چارەسەر کردن.

ماوەی ساڵێک زیاترە کۆسرەت رەسوڵ کەمتر لە میدیاکانەوە دەردەکەوێت و بەم دواییانە چەند وێنەیەکی بڵاوکرایەوە کە کێشی زۆر دابەزیووەو لاواز بووە.

چەند ساڵێکە ناوبراو باری تەندروستی ناجێگیرەو هەر کاتێک دۆخی تێکدەچێت دەگەیەنرێتە دەرەوەی وڵات بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی لە ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی شیواشۆکی گەورەی سنووری قەزای کۆیە لەدایک بووە، لە ئێستادا جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە و لەھەمان کاتیشدا جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) ە.


لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٥ دا پەیوەندیی بە ڕیزەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە دەکات و دەبێت بە سەرپەرشتکاری ڕێکخستن و کاروچالاکییەکانی خوێندکاران.

لە ساڵی ١٩٧٧ دا لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە زیندانی دەکرێت، پاش ماوەیەکی زۆریش لە زیندانی و ئەشکەنجەدان لە زیندان ئازاد کراوە.

لە ساڵی ١٩٨١ بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی ڕێکخستنەکانی ناوخۆی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و لە ھەمان کاتدا لێپرسراوی ڕێکخستنە نھێنییەکانی ناوشاری ھەولێر بووە.

لە کۆنفرانسی ٣ی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٣دا بە ئەندامی سەرکردایەتی ھەڵبژێردرا و دواتر بوو بە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ساڵی ١٩٨٨ەوە تاکو ساڵی ١٩٩١ ئەندامی ناوەندی کۆمەڵە بووە لێپرسراوی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بووە.

لە ساڵی ١٩٩١ دا بووە بەلێپرسراوی بەرەی کوردستانیی سنوری پارێزگای ھەولێر، ساڵی ١٩٩٢ بووە بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و لە ساڵی ١٩٩٣ تاکو ساڵی ١٩٩٦ دەبێتە سەرۆکی دووەم کابینەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دواتریش بووە بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان-ئیدارەی سلێمانی تاکوو ساڵی ٢٠٠١.

لە ساڵی ٢٠٠١ بووە بە لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٠٦ کۆسرەت وەک جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەستنیشان دەکرێت، ھاوکات کۆسرەت جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ئەو دەمە جەلال تاڵەبانی بوو.
لە ماوەی دەست بەکار بوونیشی وەک جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، چەندین سەردانی ڕەسمی وڵاتانیشی کردووە کە دواھەمینیان سەردانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دیداری لەگەڵ بوش.

لەدوا کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرا بە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی بەرژەوەندیەکانی یەکێتی.

کۆسرەت ڕەسوڵ لە ساڵی ١٩٧٧ ھاوسەری گرتووە و دەبێتە خاوەنی شەش کوڕ و یەک کچ، کە دواتر سێ کوڕی شەھید دەبێت.



PM:03:21:24/10/2021