ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان لەسەر چەند پرسێک کۆدەبێتەوە

بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانی کوردستان، دانیشتنی ٤ی خولی پایزە ئەنجامبدات و تیایدا چەند پرسێک دەخرێتەڕوو، کە یەکێک لە تەوەرەکان گفتوگۆ لەبارەی بەدواداچوون و كارەكانی پەیوەست بە بابەتی سێ یەكەمەكان و وانەبێژان دەکرێت. 

لە بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆ سێشەممەی پەرلەماندا کە بڕیارە کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆ دەستپێبکات، گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسانە دەکرێت: 

یەكەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای (سەرپەرشتیكردنی پڕۆژەكانی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان-عێراق)، پشت بەستن بە حوكمی بڕگەی (دووەم)ی ماددەی (٧٨) و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (٨٣) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

دووەم: دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامی پەرلەمان (دابان محمد حسێن) لە ئەندامیەتیی (لیژنەی دەسپاكی)ی پەرلەمانی كوردستان -عێڕاق.

سێیەم:

١ - خستنەڕووی دواین بەدواداچوون و كارەكانی پەیوەست بە بابەتی سێ یەكەمەكان و وانەبێژان و ئامادەكارییەكان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەلایەن لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

٢ - خستنەڕووی بەدواداچوون و كارەكانی پەیوەست بە دۆخی سووتەمەنی و چارەسەرییەكان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەلایەن لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی.

چوارەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ ئەم پڕۆژەیاسایانەی خوارەوە، بەپێی حوكمی ماددەكانی (٨٧، ٨٨، ٨٩) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان:

١ - پڕۆژەیاسای (هەمواری پیادەكردنی یاسای بازرگانی عێراقی، ژمارە (٣٠)ی ساڵی ١٩٨٤ لە هەرێمی كوردستان-عێراق).

٢ - پڕِۆژەیاسای (بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی بنەتۆ و شەتل و تۆماركردن و پەسندكردن و پارێزگاریكردن لە تەرزە كشتوكاڵییەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق).


AM:08:27:26/10/2021