سلێمانی.. دەرچوانی پۆلی (١٢)ی ئامادەیی گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان ئەنجام دا

بەیانی ئەمڕۆ ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ژمارەیەک لە دەرچوانی قۆناغی (١٢)ی ئامادەیی لە بەردەم بینای زانكۆی شاری سلێمانی گردبونەوە و ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و هۆشداری بە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەدەن. 

پەیامنێرمان لە شاری سلێمانی پێی ڕاگەیاندین، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بەشێك لە دەرچوانی پۆلی (١٢)ی ئامادەیی لەبەردەم بینای زانكۆی سلێمانی لە دژی نەهاتنەوەی ناوەکانیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان گردبونەوە و ناڕەزایەتییان ئەنجام دا.

ئەوەشی خستەڕوو: بەوتەی دەرچوانی پۆلی (١٢)ی ئامادەیی ئەوان نمرەی بەرزیان هێناوە، بەڵام یان ناویان نەهاتۆتەوە یاخود ئەو بەشەی بۆیان هاتۆتەوە لەئاست نمرەكانیان نیە.

وتیشی" خوێندکاران هۆشداری بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدەن و داواش لەسەرجەم دەرچوان دەكەن سبەینێ چوارشەممە ٢٧ی تشرینی یەکەم لە بەردەم بینایی زانکۆی سلێمانی ئامادەبن بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتیان". 

بەیانی دوێنێ دووشەممە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی زانکۆلاینی لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠٢٠- ٢٠٢١) بڵاوکردەوە. 


AM:10:58:26/10/2021