نێچیرڤان بارزانی: کاردەکەین پێش هەڵبژاردن دەستوری هەرێم تەواو بکەین

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند هەوڵدەدەین پێش هەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمانی کوردستان دەستوری هەرێم تێپەڕێنین.

لە دیداری مێری و پرسیاری رۆژنامەنووسان، دوای وتەکانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لەبارەی ژمارەیەک پرسەوە قسەی کرد.
لە بارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و پارێگاری کەرکوکەوە، نێچیرڤان بارزانی ئاشکرایکرد، تاوەکو ئێستا قسەیان لەسەر ئەو بابەتە نەکردووە و جەختیکردەوە "بۆ ئێمە گرنگە کورد بە یەکدەنگی بچێتە بەغدا" وتیشی" لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئەوەین کە هەموولایەنە سیاسییەکان بانگهێشت بکەین، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە کە دەمانەوێت کورد یەکدەنگ بێت لە بەغدا".

 درێژەی بە قسەکانی داو وتیشی "ئەو گرژییەی هەیە سۆشیال میدیا دروستیکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئێمە دانەنیشتووین گفتوگۆی لەسەر بکەین و چ پۆستێک بۆ کێ بێت و بە چ شێوەیەک دەبێت. ئەوەی دەمانەوێت ئەوەیە کە کورد سەرکەوتوو بێت، گرنگ پۆست نییە گرنگ یەکدەنگییە بۆ بەغدا."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەولەویەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە بەغدا ئاشکرای کرد " بێگومان جێبەجێکردنی دەستوور بۆ ئێمە گرنگە، ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان هەم ئەرکمان هەیە و هەم ماف و دەبێت لەم چوار ساڵەدا کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین."
 
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکە لەبارەی نیگەرانی بەشێک لە لایەنەکان لەبارەی هەڵبژاردن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لە ئەنجامدا دەبێت کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بەجیدی کار لەسەر ئەوەبکات نیگەرانی لایەنەکان بڕەوێنێتەوە، ئەوە بۆچوونی ئێمەیە و لەنێو خۆیاندا ئەوانە دەگەنە رێککەوتن و لەڕووی یاساییەوە دەتوانن داوای مافەکانی خۆیان بکەن."




PM:06:34:26/10/2021