فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێم رایگەیاند " ئەمڕۆ حکومەتی ھەرێم کۆدەبێتەوە تیایدا راپۆرتی وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی تەندروستی دەخرێنەڕوو، پرسی چارەسەری کێشەی بەنزینش بابەتێکی تری کۆبوونەوەکە دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ تشرینی یەکەم، فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند " ئەمڕۆ حکومەتی هەرێم گفتوگۆ لەبارەی راپۆرتێکی وەزارەتی کارەباوە دەکرێت لەبارەی ھەنگاو و پڕۆژەکان و ڕێکخستنەوەی کەرتی کارەبای نیشتیمانی لە ھەرێم و پڕۆژەی تایبەت بە ھاوبەشیپێکردنی کەرتی تایبەت لە قۆناغەکانی دابەشکردن و گواستنەوەی کارەبا و کۆکردنەوەی داھاتی کارەبا دەکرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، گفتوگۆ لەبارەی خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە دوا ئامارەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێم و رێژەی کوتانی ھاووڵاتیان بە ڤاکسین بە تایبەتیش فەرمانبەران و مامۆستایان و بڕیارەکانی دوا کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی بەنزین و گرانبوونی نرخەکەی و ھۆکار و چارەسەرەکانییەوە دەکرێت.
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە کاتێکدا دەکرێت کە کێشەی دابەشکردنی سوتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و پرسی کارەبا لەپرسە گرنگەکانی ناو خەڵکن.