د. مەحموود عوسمان: لایەنە کوردییەکان ڕاست ناکەن،یەکدەنگ نین و یەکێتی و پارتی دژییەکترن

د. مەحموود عوسمان سیاستمەدرای ناسراوی کورد ڕایدەگەیەنێت" یەکێتی و پارتی دژی یەکترین و ڕاست ناکەن"، دەشڵیت" کاتێک کوردەکان دەچنە بەغداد بیانەوێت یان نەیانەوێت یەک دەنگ دەبن".

دەربارەی یەکدەنگی و یەکڕیزی کورد کە ئێستا لایەنە کوردییەکانی کوردستانی عێراق بانگەشەی بۆ دەکەن، د.مەحمود عوسمان بە ناڕاست وەسفی دەکات و دەڵێت" لایەنە کوردییەکان ڕاست ناکەن، یەکدەنگ نین و یەکێتی و پارتی دژییەکترن، ئەوانی تریش دژییەکترن".

ئەو پێوایە کە هەندێک مەسەلە هەیە کە کوردەکان بچنە بەغداد بیانەوێت، یاخود نا یەکدەنگ دەبن، وەک بابەتی پێشمەرگە و مەسەلەی نەتەوایەتی و ماددەی ١٤٠، بەڵام بۆ بابەتی تر یەکڕیز نین.

سیاسەتمەداری دیاری کورد د.مەحمود عوسمان دەڵێت”دۆخی عێراق لە دوای ڕووخانی سەدام لە ٢٠٠٣ ەوە هەر بەم شێوەیە بووە، چونکە هەرخۆی سەردەمی سەدام هەڵبژاردن نەدەکرا، ئێستا لە عێراق هەموو هێزەکان دەیانەوێت براوە بن هەموو دەیانەوێت لە حکومەت بن کەس ئامادە نیە ئۆپۆزسیۆن بێت".

دەربارەی کورد و سنە مەحمود عوسمان دەڵێت " هەرچەندە تا ئێستا کورد و سوننە باسی ناکەن لە کام لایەنەوە نزیکن، چونکە چاوەڕوانی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردن دەکەن کە دوای تانەکان چی بەسەردێت، خۆی ئێستا کێشەکە لەناو شیعەکان خۆیاندایە چونکە سەرۆک وەزیران لە شیعەکان دەبێت و دەشیانەوێت لەدەستی خۆیاندا بمێنێتەوە جا ئەوە دەکەوێتە سەر ئەوەی هەوڵەکانی ئێران و مەرجەعیەت تا چەند سەردەکەوێت و، چەند کاتی دەوێت .”

بەشێک لە لایەنە شیعە عێراقییەکان کەنزیکن لە ئێرانەوە، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕەتدەکەنەوە و لایەنگرانیان ڕۆژانە لە بەغدادی پایتەخت خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و، داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەکەن.



PM:02:23:27/10/2021