وەزارەتى دارایی هەرێم لەبارەى مامۆستایانى وانەبێژ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم ڕایدەگەیەنێت" شەش رێنمای بۆ چارەسەری کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ دەرچووە، کە تایبەتە بە دیاریکردنی کرێی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو". 

وەزارەتى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە" ئەمڕۆ چوارشەممە، بە ئیمزای ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری، رێنمایی دارایی بۆ کرێی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو و چارەسەکردنی کێشەکانیان دەرچوو".

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە: رێنماییە داراییەکەی وەزارەتی دارایی و ئابوری کە بە ژمارە (١٤) دەرچوە، ئاراستەی گشت وەزارەتەکان و دەستەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کراوەو تیایدا هاتوە، پاڵپشت بە نوسراوی ئەنجومەنی وەزیران و کۆنوسی کۆبونەوەی نێوان وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پەروەردە لە ١٩ى ١٠ى ٢٠٢١ ، شەش رێنمایی بۆ چارەسەری کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ دەرچوە کە تایبەتە بە دیاریکردنی کرێی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو بەپێی گوندو شارەدێ و سەنتەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و لەبەرچاوگرتنی بڕوانامە. 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم رێنماییە داراییە لە ١ى ئەیلوولى ٢٠٢١ەوە جێبەجیدەکرێت و لە رۆژنامەی وەقائعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.


PM:04:32:27/10/2021