مەلا بەختیار جەخت لەسەر ژەهرخواردنکردنی دەکاتەوە


ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی، مەلا بەختیار " لە پشکنینی دوو نەخۆشخانەی هەرە پێشکەوتووی ئوردون و ئەڵمانیا، ژەهرخواردکردنی پشتڕاست کراوەتەوە".

ئەمڕۆ شەممە، هەژماری فەرمی مەلا بەختیار لە فەیسبوک خۆی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە " لە دوو نەخۆشخانەی ھەرە پێشکەوتووی ئوردن (الخالدیە) و بەرلین (ڤیڤانتێست) پشکنینی ورد و ھەرە زانستی بۆ کراوە، ھەردوو نەخۆشخانەکە سەرەنجامی پشکنینی تایبەتی پۆلیس بۆ ئەم تاوانانە، بە بەڵگەی زانستی سەلمێنراو، دەرکەوتووە کە بەڕێز مەلا بەختیار بە ژەھری (جیوە) دەردەدار کراوە".

لەو روونکردنەوەدا "لە گەڕانەوەدا، دوای دوو ھەفتە، تەواوی بەڵگەکان دەخاتە بەردەم ڕایگشتی و یەکێتی و حزبە تێکۆشەرەکانی کوردستان ‌و عیراق ھەروەھا کونسوڵگەریی ‌و سەفارەتەکان".

هەروەها هاتووە "مەلا بەختیار چاوەڕوانی بە پەلەی دەستەبەجێی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی و مەکتەبی سیاسی دەکات، سەبارەت بەم تاوانە".

مەلا بەختیار دەشڵێت"دوای ئەوەش، سکاڵا لە دادگای کوردستان تۆمار دەکات، تەنانەت سکاڵا دەگەیەنێتە دادگای وڵاتێکی ڕۆژئاواش، ھەروەھا ڕێکخراوە مرۆییەکانی جیھانیشی لێ ئاگادار دەکاتەوە".

لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، لەم بابەتە بافڵ تاڵەبانی و د.خەسرەو گوڵ محەمەد و بەرپرسی ئێستای زانیاریی و ژمارەیەک لە ھاوڕێی نزیکی خۆیی و خانەوادەکەشی، ئاگادار کردووەتەوە و باسی لەوەش کردووە "کە ئەم تاوانە دەمێکە ئەنجامدراوە، کاری دوو مانگ ‌و سێ مانگ نییە".



PM:02:40:30/10/2021