وەزارەتی ڕۆشنبیری: پێویستە ڤیدیۆکلیپی (مەدرەسە)ی هەڵکەوت زاهیر بسڕێتەوە

وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێم بە نوسراوی فەرمی بڵاویکردوە، پێویستە ڤیدیۆ کلیپی (مەدرەسەی) ئاواز دانەری کورد هەڵکەوت زاهیر بسڕێتەوە چوونکە، وێنەیەکی نەرێنی مامۆستا و پڕۆسەی خوێندن دەخاتە بەر دیدی بینەران و هیچ میدیایەکی بیسراو بینراویش بۆینییە پەخشی بکات.

ئەمڕۆ دووشەممە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١  لە نوسراوێکی واژۆکراوی شێروان خورشید بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن وچاپ و بڵاوکردنەوە بە وەکالەتی لەسەرە ڕایگەیاند، "وەزارەتی پەروەردە، نوسینگەی وەزیر، لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ڤیدیۆکلیپێک بەناوی (مەدرەسە) بڵاوکراوەتەوە کە کۆمەڵە کەسێک لە نێو هۆڵێکی خوێندن گۆرانی دەڵێن و ناوەڕۆکەکەی وێنەیەکی نەرێنی لەبارەی پڕۆسەی خوێندنەوە  نیشان دەدات، بەشێوەیەکی نەشیاو باس وێنەی مامۆستا دەکات، کە ئەمەش دوورە لە واقعی قوتابخانە و هۆڵەکانی خوێندن، ئەوەش پێچەوانەی مادەی سێیەم، لە بڕگەی سێیەم لە ڕێنوێنی ژمارە یەکی ساڵی ٢٠١٤ی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان تایبەت بە ڕێکخستنی فریکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان".

"هەبۆیە گشت میدیا بینراو بیسراوەکان ئاگادار دەکەینەوە خۆیان لە پەخشکردنی ئەو کلیپە بەدوور بگرن".  

هەرلە ڕاگەیاندراوەکە دا هاتووە "داوا لە خاوەنی بیرۆکەکە و هەموو گۆرانی بێژانی بەشدار دەکەین لەسۆشیال میدیای خۆیان بەتەواوی بیسڕنەوە، بەپێچەوانەوە ناچار دەبین بیسڕینەوە".

"لەماوەی ڕابردوودا کاری لەم شێوازە کراون، هەربۆیە پێویستە میدیاکان ئاگادار بن لە بڵاو نەکردنەوەی ئەم جۆرە کلیپانە، بەهیچ شێوەیەک نابێت مامۆستاو پڕۆسەی خوێندن و قوتابخانە  لەو ئاستە نمایشە بکرێت".




PM:01:01:08/11/2021