پۆلیسی پۆڵەندا بە زمانی کوردی کۆچبەران ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت، "سنوورەکان بە داخراوی دەمێنێتەوە."
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ی تشرینی دووەم، پۆلیسی پۆڵەندا لە رێگەی بڵندگۆوە و لە سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ بیلاڕوسیا بە زمانی کوردی و عەرەبی ئاگاداری دایە کۆچبەران و وتی"سنوورەکانی پۆڵەندا بە داخراوی دەمێنێتەوە و هیچ کەسێک ناتوانێت بەبێ ئەوەی بەڵگەی یاسایی و پێویستی پێبێت سنوورەکانی پۆڵەندا ببڕێت."
دەشڵێت "حکومەتی بیلاڕوسیا بەکارتان دەهێنێت و دەبێت داوا لە بیلاڕوسیا بکەن کە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆتان."
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، پۆلیسی پۆڵەندا باسی لەوەکرد، لەسەر سنوری پۆڵەندا و بیلاڕوسیا ٢٢ کۆچبەری عێراقیان دەستگیرکردووە.
هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە، ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر کە زۆرینەیان کوردن، لەسەر سنووری نێوان بێلاڕوسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووە، بەهۆی ئەوەی پۆڵەندا ژمارەیەکی زۆر سەربازی ناردووەتە ئەو سنوورە بەمەبەستی چاودێری کردنیان تا نەچنە نێو سنوری وڵاتەکەیان.