نێچیرڤان بارزانی: راوەستانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کاریگەری لەسەر دۆخی ئاسایش هەرێم هەیە

سەرۆکی هەرێم لە دیداری ئاشتی و ئاسایش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند" ناسەقامگیری لە تورکیا و ڕاوەستانی پرۆسەی ئاشتی، کاریگەری لەسەر دۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی ناوچەکە هەیە".

لەو دیدارەدا کە سەرۆک کۆمار و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەتی هەرێم و کۆمەڵێک سیاسی عێراق و جیهانی و کەسانی ئەکادیمی بەشداربوون، نێچیرڤان بارزانی لە وتارەکەیدا باسی دۆخی ناوچەکە و عێراق و هاتنی داعش و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە کرد، ئەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێستا عێراق لە دۆخی دوای شەڕدایەو پێویستە هێزەکانی کاری هاوبەش و هاوکاری یەکتر بکەن، لەبارەی دۆخی ئێستای عێراقیشەوە بە دیاریکراوی وتی "عێراق پێویستی بە ناسنامەیەكی كۆكەرەوەی هەمووانە".

دەقی وتەکەی نێچرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم:

بەیانیتان باش..
جەنابی سەرۆک کۆماری عیراقی فیدراڵ
بەڕێز د. بەرهەم ساڵح
ئامادەبووانی بەڕێز،
بەیانیتان باش،
هەموو لایەکتان بە خێر بێن.
خۆشحاڵم کە ئەم بەیانییە، بابەتێکی زۆر گرنگ (ئاشتی و ئاسایش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست) هەموومانی لەم دیداره‌دا کۆكردۆتەوە، هەموولایەكتان بەخێربێن. پێشەكی دەمەوێ زۆر سوپاسی زانكۆی ئه‌مه‌ریكیی كوردستان له‌ دهۆك و ڕێكخه‌رانی ئه‌م دیداره‌ بكه‌م بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌م بابه‌ته‌ گرنگە و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ دەخوازم و هیوادارم ئەم كۆنفرانسە ئەنجامێكی باش بەدەستەوە بهێنێ و پێموایە كە بابەتێكی زۆر زۆر گرنگە كە ئەم بابەتە لە هەرێمی كوردستان و لە هەولێر و لە عیراق باسی لەسەر بكەین.

هەروەها ئەمڕۆ 16ی نۆڤەمبەر، ڕێکەوتی ڕۆژی جیهانیی لێبوردەیی یه‌. لەم بۆنەیەدا هیوادارم بە دانایی و کاری هاوبەش و پێکەوەیی، لە نـاوچـەکـە و لە تەواوی جیهان، هەموومان پێکەوە بتوانین کولتووری لێبوردەیی، پێكه‌وه‌ژیان و یەکترقبووڵکردن فراوانتر بکەین و لە سایەیدا ئارامی و سەقامگیریی زیاتر بۆ مرۆڤایەتی لە هەموو جیهان بەدەست بێت. ئاشتی و پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری، پێداویستیی هەرە لەپێشی ئێستا و داهاتووی ناوچەی ئێمەیە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی و جیهان بەگشتی.

لەم قۆناغە هەستیار و ڕاگوزەرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بردنەوەی ئاشتی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، تەحەدییەکی زۆر گەورە و بەرپرسیاریەتیی هاوبەشە بۆ هەموو ئەو وڵاتانە و ئەو گەلانەی كە لە ناوچەكەدا دەژین.

چۆن ئاشتی بپارێزین و چۆن براوە بین؟

بەڕێزان،

بە پێناسە و مانایەکی سەرەتایی: ئاشتی، واتە نەبوونی جەنگ و کوشتار، نەبوونی تیرۆر و توندوتیژی، واتە هەبوونی تەبایی و پێکەوەژیان. بەڵام ئاسایش مانایەكی فراوانتری هەیە لە نەبوونی جەنگ. ئاسایش هەموو لایەنەکانی ژیان دەگرێتەوە. ئاسایشی ئابووری، ئاسایشی خۆراک، ئاسایشی ئاو، ئاسایشی وزە، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی ژیان. 

زۆر لەو بوارانەش دەکرێ ببنە هۆکاری لێکگەیشتن و هاریکاریی هاوبەش لەنێوان وڵاتاندا، بۆ نموونە هەردوو بواری ئاو و وزە لەنێوان عیراق، ئێران، تورکیا و سووریادا. ئەوەی لێرەدا دەمەوێ باسی بکەم، ئاسایشە بە مانا فراوانەکەی. دەکرێ ئەگەر شەڕیش نەبێت کۆمەڵێک هۆکار ببن بە هەڕەشە و خەڵک بخەنە ترس و دڵەڕاوکێوە. ئەگەر دۆخی ئێستا وەرگرین بە نموونە، ڤایرۆسی كۆرۆنا و پەتای كۆڤید 19 و لێكەوتەكانی دوای ئەوە لە هەموو بوارەكاندا.

هەر وڵاتێک کە لە شەڕ ڕزگاری دەبێت، بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت:

یەکەم: کۆتاییهێنان به‌ جەنگ و پاراستنی ئاشتییە.

دووەم: بنیاتنانەوەی متمانەیە، بە جۆرێک لایەنەکان نیازپاکی بەرانبەر یەکتر پیشان بدەن.

سێیەم: بنەبڕکردنی هۆکارەکانی شەڕ و نەگەڕانەوەیە بۆ دۆخی جەنگ.

عیراق ئێستا لە قۆناغی دوای جەنگ و زامنکردنی ئاشتیدایە، هەر بۆیەش هەنگاوی یەکەم بریتییە لە کۆتاییهێنان و بنەبڕکردنی هۆکارەکانی ناسەقامگیری و پاراستنی ئاشتی. ئێمە لە عیراق لە قۆناغی یەکەمداین، واتە جەنگێکی نەخوازراومان دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش ئه‌نجام داوە. له‌سه‌ر زه‌وی شتێك به‌ ناوی خه‌لافه‌تی ئیسلامیی داعش نه‌ما، بەڵام هێشتا ئەرکێکی زۆرمان لەسەر شانە و ڕێگایەکی دوورمان لەپێشە بۆ چەسپاندنی ئاساییش، بەتایبەتی چارەسەرکردنی هەموو ئەو گرفتانەی کە بواریان بۆ سەرهەڵدان و بەهێزبوونه‌وه‌ی داعش لەم ناوچەیە ڕەخساند. لەم قۆناغەدا بە هاوکاریی دۆستان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، توانیمان لەڕووی سەربازییەوە بەسەر داعشدا سەرکەوین.

لەسەر ئاستی ناخۆ، بە پشتیوانیی پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکانی عیراق، لەسەر ئاستی ناوچەیی، بە هاوکاریی وڵاتانی دراوسێ و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، سەرکەوتین. ئەم سەرکەوتنە، پەیامێكمان دەداتێ، ئەویش ئەوەیە کە دەستەبەرکردنی ئاسایش، پێویستی بە کاری هاوبەش و هاوکاریی هەمووانە و لە چەسپاندنی ئاشتیدا هەموومان سوودمەند و براوە دەبین. ئەو پەیامەشمان دەداتێ: کە پێکهاتەیەکی سه‌ره‌كی لە وڵاتێكدا له‌ ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردن هاوبه‌ش نه‌بێت، دەتوانێ سەربکێشێ بۆ دروستکردنی ئاژاوەیەک کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی، هەڕەشە لە ئاسایشی هەموومان دەکات.

بەڕێزان،

سیستمی ئاسایش، یان مەنزوومەی ئەمنی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێکەوە پەیوەست و گرێدراوە. با وەک بیرهێنانەوەیەک، ئەم نموونەیە باس بكەین: زنجیرەیەک خۆپیشاندان لە سووریا ڕوویاندا کە لە سەرەتاوە گوێیان بۆ نەگیرا و بە هەند وەریاننەگرت، دوای چەند مانگێک، ئەو وڵاتەیان تووشی ناسەقامگیری کرد، سەرەنجام سەری کێشا بۆ شەڕی ناوخۆ، بەڵام ئەم شەڕە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر عیراقیش دروست کرد. ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عیراق کە بە دەست کەمیی خزمەتگوزارییەوە گیرۆدە بوون، زەمینەیەکی لەباری دروست كرد بۆ دزەکردنی داعش بۆ ناو خاکی عیراق. داعش دووریی نێوان خەڵک و حکوومەت و نیگەرانی و ناڕەزاییی خەڵکی قۆستەوە و پانتایییەکی زۆری لە خاکی عیراق داگیر کرد، ئەوەش بووە هەڕەشە بۆ سەر هەموو پێکهاتەکانی عیراق. بووە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، بووە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی ئەورووپا و کۆی سیستەمی نێودەوڵەتی.

ئەگەر سەرنج بدەین، ناسەقامگیری لە سووریا کاریگەری هەیە لەسەر دۆخی ئاسایشی تورکیا، ناسەقامگیری لە تورکیا و ڕاوەستانی پرۆسەی ئاشتی، کاریگەری هەیە لەسەر دۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی ناوچەکە. ئەگەر تەماشایەکی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین و سەرنجی هەریەک لە یەمەن، لوبنان، سووریا، سوودان، جەزائیر، توونس و لیبیا بدەین، بە ڕوونی دوو ڕاستیمان بۆ دەردەكەوێت:

یەکەم: هەڕەشەکان لە دەرەوەی وڵاتەکەوە نەهاتوون. هەڕەشەکان دەرەکی نین!

دووەم: ئەوەی کە بۆتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هەریەک لەو وڵاتانە، وڵاتێکی دیکە نییە، بەڵکو پێکهاتەیەک، یاخود لایەنێک لەناو خودی وڵاتەکەدایە.

ئەگەر تەماشای وڵاتانی ئێران، عیراق، سووریا و تورکیاش سەبارەت بە پرسی کورد بکەین، دووبارە ئەمە پرسێکی ناوخۆییی هەریەک لەو وڵاتانەیە. پێویستە هەریەک لەو وڵاتانە لە چوارچێوەی سنووری خۆیدا چارەسەركردنی كێشەكە بە گرنگییەوە وەرگرێت.

ئاماده‌بووانی بەڕێز،

کورد لەو وڵاتانەدا، نابێ جیا بکرێتەوە، بەڵکو پێویستە جێیان بکرێتەوە. بەپێی سەنگی خۆی، هاوبەشی و بەشداری پێبکرێت و بواری پێبدرێت لە دروستکردنی بڕیاردا، هاوبەش و بەشدار بێت. نەتەوەکانی کورد و فارس، عەرەب و تورک، پێش ئەم دەوڵەتانەی ئێستا (لە تەمەنیاندا كە یەك سەدە دەگوزەرێت) هەر هەبوون، پێکەوە مێژوو و جوگرافیای هاوبەشیان هەیە، بەدڵنیاییشەوە ئەم نەتەوانە وەک دراوسێ پێکەوە دەمێننەوە. بۆیە جگە لەیەکترقبووڵکردن و پێکەوەهەڵکردن، بژاردەیەکی دیکەمان نییە.

جەنگ و کوشتار و زمانی هێز، هەرچەند درێژە بکێشێت، لە کۆتاییدا هه‌ر دەبێ دەست بە دانوستان و گفتوگۆ بکرێتەوە. هەوڵی یەکترسڕینەوە، هەرچەند توند بێت و درێژە بکێشێت، لە کۆتاییدا هەر دەبێ یەکتری بخوێنینەوە و ئەو ڕاستییە بهێنینەوە بیری خۆمان کە کەسمان بڕیارمان نەداوە لێرە بڕۆین، کەسمان ناتوێینەوە. بۆیە، پێکەوەژیان لە چوارچێوەی یەک دەوڵەت لە یەک ناوچەدا، لەسەر بنەمای هاوبەش، تەنها ڕێگەی چارەسەرمانە.

ئێستاش کە نەتەوەکانی فارس و تورک و عەرەب لەم ناوچەیە خاوەن دەوڵەتن، ئەرکی ئەوانە مافی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە چوارچێوەی دەوڵەتەکانی خۆیاندا بدەن. مافی کولتووری، مافی سیاسی و مافی کۆمەڵایەتی.

سەبارەت بە دۆخی عیراقیش، ئێستا لە ساتەوەختی دوای هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقداین. ئەم هەڵبژاردنە شەش مانگ پێش وادەی خۆی کرا، هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو، ئەوەش داواكاریی خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ بوو. لێرەدا دەبێ هەڵوەستەیەک بکەین و تەماشایەکی عیراقی پێش داعش و عیراقی دوای داعش بکەین و ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین:
ـ ئایا ئەو هۆکارانەی بوونە هۆی سەرهەڵدانی داعش، بنەبڕ کراون؟!

وەڵامەکەی زۆر ئاسانە:

ـ نەخێر!

هەڵبژاردنی پێشوەختە، داواکاریی خۆپیشانده‌ران بوو! چه‌ندین داواکاریی دیكه‌ش هه‌ن وه‌ك باشترکردنی بژێوی ژیان و خزمەتگوزاری و ڕەخساندنی دەرفەتی کار، بنەبڕکردنی گەندەڵی، دەستپێکردنی چاکسازی و ڕەخساندنی بەشدارییەکی کارا لە حکوومەت! زۆرێك لەمانە دەبێ وڵام بدرێنەوە. ئێستا کاتێکی گونجاوە کە جارێکی دی ئاوڕێکی جددی لە داوای ڕەوای خەڵک بدرێتەوە، هەر ئەمەش زامنی ئاسایش و پارێزەری ئاشتی و سەقامگیرییە لە وڵاتەكەماندا. لەسەر ئاستی عیراق، ئاسایش و سەقامگیری کاتێک بەرقەرار دەبێت کە هەموو پێکهاتەکان هاوبەشی و بەشدارییەکی ڕاستەقینەیان هەبێت لە دروستکردنی بڕیاردا. ئاشتی کاتێک دەپارێزرێت کە حکوومەتی فیدراڵ بە جددی کار لەسەر داواكارییەكانی هاوڵاتییانی عیراق بکات، سیاسەتی هاوبه‌شی و بەشداریپێکردن، په‌ره‌ پێبدات.

وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم بۆ کرد، ئێمە لە عیراقی دوای داعشداین و لەڕووی سەربازییەوە سەرکەوتنمان بە دەست هێناوە، بەڵام دوو قۆناغی دیكەمان لەپێشە: قۆناغی دروستکردنەوەی متمانە و قۆناغی بووژاندنەوە و خزمەتگوزاری. گەڕاندنەوەی متمانە بە هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی عیراقدا دەبێت، بەتایبەتیش سێ پێکهاتەی کورد و سوننە و شیعە کە ئەمانە جوگرافیای سیاسییان هەیە، لەگەڵ ڕەچاوکردنی ماف و ڕۆڵ و پێگەی هەموو ئەو پێكهاتانەی دیكە كە لە عیراق دەژین.

بۆ نموونە: بە هاوبەشی ئیدارەدانی ناوچەکانی ماددەی 140ی دەستوور لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عیراق بۆ ڕێگرتن لە تەشەنکردنەوە و خۆڕێکخستنەوەی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان زەروورەتێكی ئێستایییە، ئەمەش بە سپاردنی یەك شت دەبێت، بە سپاردنی متمانە دەبێت بەیەكەوە. لایەنێک دەبێ سەرەتا متمانە بسپێرێت. ئێمە وەک هەرێمی کوردستان ئەو داوایە دەکەین و ئامادەییی ئەوەمان هەیە دەسپێشخەر بین لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیریدا. هەنگاوی دوای ئەوەش، بریتییە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و وەڵامگۆیی بۆ داواکارییەکانی خەڵکی ئەو ناوچانە و بووژاندنەوە و گەڕاندنەوەی ژیان بۆیان. ئەمە دەبێ ئەولەویەتی کاری کابینەی داهاتووی حکوومەتی فیدراڵیی عیراق بێت. ئاواره‌كان دەبێ بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان و ئاسایش و سه‌قامگیری و ژیان و كه‌رامه‌تیان دەبێت پارێزراو بێت.

بە کورتی عیراق کاتێک ئارام و سەقامگیر دەبێت و عیراقییەکان کاتێک بە ئاشتی دەتوانن بژین کە ناسنامەیەکی کۆکەرەوەی گشتگیر لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و مافە دەستوورییەکانی هەموو پێكهاتەكان و بۆ هەموو نەتەوە و ئایینیەکان هەبێت. هەمووان بە دڵخوازی، بە وڵات و جوگرافیایەکەوە ببەستێتەوە و وابەستەیی و ئینتیمایان بـۆ هـەبێت کە پێی دەگوترێت عیراق. بۆ ئەمەش لە عیراق هەموو توانایەکی مرۆیی، ماددی، سروشتی و بنەمای دەستوورییەكان وەک نەخشەڕێگەیەک هەمانە! تەنیا دانایی، ئیرادە و بڕیاری سیاسیمان پێویستە بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئامانجە.

بەڕێزان،

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێ سەردەکەوێت و كێ براوە دەبێت؟ ئەوانەی لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەدا سەردەکەون و براوە دەبن، سێ پۆلن:

یەکەم: ئەوانە براوە دەبن کە لێناگەڕێن شەڕێکی نەخوازراو بەرۆکیان بگرێت و هەمیشە وەڵامگۆی داواکاریی هاوڵاتییانی خۆیان دەبن.
دووەم: ئەوانە براوە دەبن، کۆتایی بە شەڕێکی نەخوازراو ده‌هێنن کە بەرۆکی گرتووە. بڕیاری پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و لێبوردەیی دەدەن و لەگەڵ ئاشتیدا خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی وڵاتەكەیان و مللەتەكەیان دەمێننەوە.

سێیەم: ئەوانە براوە دەبن کە لە شەڕێکی نەخوازراو دەرباز بوون و ڕێگە نادەن جارێکی دی بگەڕێنەوە دۆخی جەنگ. دەیانەوێ داهاتوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیانی خۆیان دابین بكەن.

با هەموومان لە عیراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵ بدەین و کار بۆ ئەو بردنەوەیە بكەین. لە ئاشتیدا هەموومان براوەین، چونکە ئاشتی لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكماندایە. ئاشتی، ئێستا و داهاتووی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە دەپارێزێت و زەمینەی پێشکەوتنی زیاتر بۆ هەموولایەك دەڕەخسێنێت.

هەر لێرەشدا دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە لە هەرێمی کوردستانی عیراق هەمیشە هۆکار و ده‌سپێشخەری ئاشتی دەبین و هۆكار و فاكتەری سەرەكیی سەقامگیری دەمێنینەوە لەم ناوچەیەدا. چ لە عیراق، چ لە ناوچەکە، هەرچییەک لەپێناو بەدیهاتنی ئاشتیدا، ئاشتییەکی گشتگیر بۆ هەمووان پێكەوە ئامادەین و ئامادەین لەگەڵ هەموولایەك بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئەركە. وێڕای هەموو سەختی و تەحەدییەکانیش، کۆڵ نادەین و بە ئومێدەوە لە هەرێمی كوردستانەوە ڕوومان لە ئایندەیەكی باشترە بۆ عیراق و ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دووبارە هەمووتان بە خێر بێن بۆ ئەم كۆنفرانسە.

ڕۆژێكی خۆش و سوپاسی هەموولایەكتان دەكەم كە بەشدار بوون بەتایبەتی ئەو میوانانەی كە لە دەرەوە تەشریفیان هێناوە، هەموولایەكیان زۆر بەخێربێن بەسەر چاو و سوپاسی برای خۆشەویستم كاك عەممار دەكەم كە بۆ ئەم مەراسیمە لە بەغداوە تەشریفی هێناوە بەخێر بێت سەرچاوان و هەموولایەكتان بە خێر و خۆشی و زۆر سوپاس.



PM:12:49:16/11/2021