وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ ڕاوێژكاری باڵای هێزەكانی هۆڵەندا کۆبوونەوە

 

وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ ڕاوێژكاری باڵای هێزەكانی هۆڵەندا،  كۆلۆنێل پۆل کۆبوونەوە و باسیان لەوەکرد بەرەوپێشچوونی باش لە پڕۆسەی چاكسازی هەبووە لەگەڵ پێشمەرگە.

 

ئەمڕۆ ١٦ تشرینی دووەمی٢٠٢١ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێم لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، لەگەڵ لیژنەی باڵای بۆردی چاكسازی و بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی چاكسازی و بەڕیوەبەرانی پڕۆژەكان، بەئامادەبوونی كۆلۆنێل پۆل، ڕاوێژكاری باڵای هێزەكانی هۆڵەندا لەهەرێم، كۆبووینەوه.


لە پۆستەکە دا نوسیویەتی، "داوامانكرد هەوڵ و هەنگاوەكانیان بۆ خێراتركردن و ڕایی كردنی پڕۆژە جۆربەجۆرەكان چڕبكەنەوە، هاوكات سوپاسی كۆلۆنێل پۆل – مان كرد، كە ماندوونەسانە بەردەوامە لەهاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی و هیوادارین بەیەكەوە بگەینە كۆتایی ئامانجەكە، كە دروستكردنی هێزێكی تۆكمەی سەردەمییە".

لای خۆشیەوە، كۆلۆنێل پۆڵ ڕوونیكردەوه، بەرەوپێشچوونی باش لە پڕۆسەی چاكسازی هەبووە و لەگەڵ پێشمەرگە و هاوپەیمانان كاردەكەن بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانەی، كە ئەولەویەتیان هەیە و كاریگەری دەبێت بەسەر قەڵاچۆكردنی گەندەڵی و باشكردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگەوە.



PM:07:00:16/11/2021