"داوا لە کۆچبەرانی بیلاڕوسیا دەکەم بگەڕێنەوە
بۆ عێراق".
ماجد قەیسی باڵیۆزی فەخرى بیلاڕوسیا لە عێراق باسی
لەوەکرد بیلاڕوسیا ڤیزای نایاسایی نەداوە بە هاوڵاتییان و کۆچبەرانیش لەلایەن حکومەتى
ئەو وڵاتەوە فریونەدراون، هەروەها بیلاڕوسیا ناتوانێت خۆراکی پێویست بۆ کۆچبەران
دابین بکات و تەنها دەتوانێت پێداویستى پزیشکییان بۆ دابینبکات.
ماجد قەیسی باسی لەوەشکردووە، "داوا لە کۆچبەرانی
بیلاڕوسیا دەکەم بگەڕێنەوە بۆ عێراق."
لای خۆشییەوە، مارسن پرسیداکس جێگری وەزیری دەرەوەی
پۆڵەندا باسی لەوەکرد، بیلاڕوسیا و روسیا مەبەستی جیاوازییان هەیە لە دروستکردنی قەیرانی
کۆچبەران لەسەر سنوور.
ئەوەشی ڕاگەیاند "بیلاڕوسیا تۆڵەی خۆی دەکاتەوە
لە یەکێتی ئەوروپا بەهۆی سزاکانەوە کە بەسەریدا سەپێندراوە و روسیا دەیەوێت بزانێت
دەتوانێت یەکێتییەکە تێکبشکێنێت و ناکۆکی بخاتە ناو وڵاتانی یەکێتییەکەوە."
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەیەکە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر
کە زۆرینەیان کوردن، لەسەر سنووری نێوان بێلاڕوسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووە، بەهۆی
ئەوەی پۆڵەندا ژمارەیەکی زۆر سەربازی ناردووەتە ئەو سنوورە بەمەبەستی چاودێری کردنیان
تا نەچنە نێو سنوری وڵاتەکەیان.