حکومەتی فەڕەنسا دەێڵت "بیلاڕوسیا شانۆیەکی
مەترسیدار لەسەر سنورەکانی نەمایش دەکات و هەزاران کۆچبەر بەکاردەهێنێت".
ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی تشرینی دووەم، گابریال ئاتاڵ
وتەبێژی حکومەتی فەڕەنسا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند "دەسەڵاتدارانی
بیلاڕوسیا هەزاران کۆچبەری بێ ئومێد ڕاکێشەی سەر سنورەکانی دەکات و کۆیان دەکاتەوە
و هەرخۆشی وێنەیان دەگرێت و بڵاویدەکاتەوە، بیلاڕوسیاش ئەم کارەی بە ئامانجی دابەشبوونی
وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و بڵاوکردنەوەی ترس لە دڵی ئەوروپییەکان پیادە دەکات".
وتەبێژی حکومەتی فەرنسا باسی لەوەشکرد، هەر لە
سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانەکەوە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا یەک هەڵوێست بوون.
لەسەر پەیوەدنییە تەلەفۆنییەکەی هەردوو سەرۆکی
فەڕەنسا و سەرۆکی روسیا، وتی "رێککەوتوون لەسەر شێوازێک بۆ رێگریکردن لە
بەکارهێنانی ئەو شێوازانەی کۆچبەران دەیگرنەبەر، بە تایبەتی رێگەدان بە کۆمسیۆنی
باڵای پەنابەران دەست وەربداتە دۆسییەکە و کۆچبەران بە شێوازێکی مرۆڤانە بگەڕێنێتەوە
وڵاتەکانی خۆیان".
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەیەکە دیاردەی کۆچکردن لەنێو هاوڵاتیانی
عێراقی پەرەی سەندووە هەروەها لە نێوان سنورەکانی بێلاڕوسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووە
و سنوری هەردوولا بەسەریاندا داخراوە و لە بارودۆخێکی ناهەمواردان.
بەوهۆیەشەوە پۆڵەندا ژمارەی سەربازەکانی لەسەر
سنور زیاتر کردووە و ئەمڕۆ پێکدادان لە نێوان کۆچبەران و سەربازانی پۆڵەندا روویدا
و وەک خۆیان باسی لێوە دەکەن، حەوت سەربازی
پۆڵەندا بە بەردی کۆچبەران بریندار بوون.