ئۆردوغان دوو مەرج بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش دادەنێت

سەرۆک کۆماری تورکیا تەیب ئۆردوغان، دوو مەرج دادەنێت، گەر دەمیرتاش بەڵێن بدات پابەندبێت پێوەی ئازاد دەکرێت.
 
مستەفا بالبای، نووسەری دیاری توركیا لە نووسینێكدا دەڵێت" رەجەب تەیب ئەردۆغان هەستی بەوە كردووە لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری توركیادا ناتوانێت رێژەی ٥٠ + ١ ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت، هەر بۆیە دەیەوێت لەگەڵ پارتی دیموكراتی گەلان- هەدەپە رێکبکەوێت".

ئەو نوسەرە ئەوەش دەڵێت "پارتی داد و گەشەپێدان- ئەكەپە هەوڵەكانی خستوونەتە گەڕ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو مەرجەی كەوا بەربژێری سەرۆك كۆماری توركیا پێویستە لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا رێژەی ٥-+١ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت".

مستەفا بالبای، ئەوەش دەخاتەڕوو، دەنگۆی ئەوە هەیە لە ئەنقەرە پرۆژەیەكی سیاسی هەبێت بەشێوەك حكومەت سەلاحەدین دەمیرتاش، سەرۆكی پێشووتری هەدەپە بە دوو مەرج ئازاد بكات".

ئەو نووسەرە باسی لە دوو مەرجەكە كردووە و وتوویەتی "یەكەمیان ئەوەیە سەلاحەدین دەمیرتاش خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری توركیا بەربژێر نەكات، مەرجی دووەمیش ئەوەیە دەستەبەری ئەوە بكات دەنگدەری كورد دەنگ نەدەنە هاوپەیمانێتی گەلی ئۆپۆزیسیۆن".

سەلاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی 2016ەوە لەلایەن حكومەتی توركیاوە دەستگیركراوە، سەرەڕای ئەوەی دادگای ئەوروپا بڕیاری ئازادكردنی داوە، بەڵام ئەنقەرە رەتیدەكاتەوە دەمیرتاش ئازاد بكات.

پێشتر بەرپرسانی هەدەپە چەند جارێک رایانگەیاندووە کە ئۆردوغان جدی نییە لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا.



PM:08:21:17/11/2021