سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عیراق: پێویستە تانە و سكاڵاكانی هەڵبژاردن یەكلای بكرێنەوە

ئەمڕۆ سێ سەرۆکایەتییەکەی عیراق لە کۆشکی بەغداد کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی عیراق کرا.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆشکی بەغدا میوانداری کۆبوونەوەیەکی کرد بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و حاکم فایەق زیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پێویستی بەھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات و پتەوکردن و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و سازان و یەکخستنی دید و بۆچوونەکان و گفتوگۆ و پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی و پابەندبوون بە چوارچێوەی یاسایی و دەستووری و بەگەڕخستنی ھەوڵەکان بە ئاڕاستەی ھێنانەکایەوەی داوا رەواکان و باشترکردنی دۆخی بژێوی ژیانی خەڵک کرا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بە گرنگییەوە باس لە پێویستی یەکلایکردنەوەی تانە و سکاڵاکان کرا لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بە پێی بنەماکانی یاسا بە رەچاوکردنی کاری پیشەیی و بە بێلایەنانە، بەجۆرێک متمانەی دەنگدەران بە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان بەھێزتر بکات لە ھەمان کاتدا دەرچەیەکی یاسایی و دەستووری بێت بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە تاوتوێ دەستپێشخەرییەکان کرد کە ئاڕاستەی ھێز و لایەنە سیاسییەکان بکرێت وەک بەڵگەنامەیەک لەسەر بنەمای چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی ھاتووەتە ئاراوە رووە و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی عیراق، بە پێکهێنانی حکومەتێکی کارای کاریگەر کە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بپارێزێت، ھاوکات وەڵامی ئاڵینگاری و بەرکەوتە نیشتمانییەکان بداتەوە و ژیانێکی ئازادی شکۆمەندانەی خۆشگوزەران بۆ ھاوڵاتییان دەستەبەر بکات و گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەھێزتر بکات". 


PM:07:05:18/11/2021