دارایی هەرێم دەرماڵەی پێنج مانگی فڕۆكەخانەی هەولێر خەرج دەکات

وەزارەتی دارایی هەرێم لە نوسراوێکدا ڕەزامەندی خەرجکردن دەرماڵەی پێنج مانگی مووچەخۆرانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەدات. 

بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا کە لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ڕەوانەی نووسینگەی وەزیری دارایی کراوە تێیدا هاتووە" سەرەڕای هەبوونی ڕەزامەندی، بەڵام دەرماڵەی هاندان و تایبەت بۆ بنکەی فڕۆکەخانەی هەولێر بۆ مانگەکانی (٧، ٨، ٩، ١١، ١٢)ی ساڵی (٢٠٢٠) خەرج نەکراوە".

لە نوسراوەکەدا باس لەوەشکراوە، ئەو دەرماڵەیه لەلایەن گەنجینەی هەولێر خەرج ناکرێ، لەکاتێکدا بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی خەرج کراوە.

لای خۆشییەوە یاسین عەبدولواحید، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی دارایی هەرێم بە میدیاکانی پارتی ڕاگەیاند" وەزیری دارایی ڕەزامەندی لەسەر ئەو نووسراوە و خەرجکردنەوەی ئەو دەرماڵانە کردووە و نووسراو بۆ ژمێرکاری کراوە، بۆ خەرجکردنی پارەکه".

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، دەرماڵەکە لە نێوان (٢٠٠) هەزار، (٢٥٠) هەزار بۆ (٥٠٠) هەزار دیناره، بۆ فەرمانبەرانی فڕۆکەخانە و ئاسایش و پاسپۆرت و تەندروستی و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و بنکەی تەندروستی فڕۆکەخانە خەرج دەکرێ. 


AM:11:20:20/11/2021