سوهێر بابلی كە ئەكتەرێكی ناوداری سینەما و شانۆی عەرەبی و میسرییە، ئەمڕۆ بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد.
پێگەی (ئیلاف)
ئەمڕۆ یەکشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکرد، دوای چەند رۆژێک لە تێکچوونی باری تەندروستی سوهێر بابلی و داخڵکردنی بۆ نەخۆشخانە، ئەمڕۆ باری تەندروستی زیاتر تێکچوو و گیانی لەدەستدا.
سوهێر بابلی بە یەكێك لە ئەكتەرە ناودارەكانی میسر هەژمار دەكرێت و بە ئەستێرەی كۆمیدیا ناو دەبرێت، لە ساڵی (١٩٣٧) لە دایكبووە و زیاتر لە (٦٠) ساڵە لە بواری نوانداندا كار دەكات، خاوەنی دەیان فیلمی سینەمای و زنجیرە تەلەڤزیۆنی و شانۆگەرییە، زیاتر لە شانۆگەری (قوتابخانەی ئاژاوەچییەوکان) بووە ئەستێرە كە لەوێدا رۆڵی (مامۆستا)ی بینیووە، کە تیایدا لەگەڵ هەریەک لە هونەرمەندان (عادل ئیمام، سەعید ساڵح، یونس شەلەبی) و چەندین ئەستێرەی شانۆی میسر نواندنی كرد.
سوهێر بابلی لە ساڵی (١٩٩٧)ەوە لە كاری هونەری دوور كەوتبووەوە، بەڵام لە ساڵی (٢٠٠٦)دا دووبارە گەڕایەوە نێو کاری هونەری و بەشداری لە زنجیرە درامای (قلب حبیبە) كرد.