زانکۆی سلێمانی: پشتگیری تەواوی دابینکردنی دەرماڵەی مانگانەی خوێندکاران دەکەین

زانکۆی سلێمانی بەشێوەیەکی فەرمی لەسەر داواکارییەکانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان هەڵوێستی فەرمی خۆی ڕاگەیاند و دەڵێت" داواکاری خوێندکاران بەڕەوا دەبینین و پشتگیری تەواوی دابینکردنی دەرماڵەی مانگانەی خوێندکارانی زانکۆ دەکەین".

سەرۆکایەتی زانکۆ و ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" ئاشکرایە ماوەی دوو رۆژە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی هاوکات لەگەڵ خوێندکارانی بەشێک لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان، دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە بۆ داواکردنی دەرماڵەی مانگانەی خوێندکارانی زانکۆ، کە لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، لە سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەستێنراوە". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" داواکاری خوێندکاران بەڕەوا دەبینین و پشتگیری تەواوی دابینکردنی دەرماڵەی مانگانەی خوێندکارانی زانکۆ دەکەین، وە ئاگادارین کە چینی خوێندکارانی زانکۆ لەم قۆناغەدا بە چ بارودۆخێکی دارایی ناهەمواردا تێدەپەڕن، وە هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە پێشتر چەندین جار ئەم داواکارییەی خوێندکاران لەلایەن ئەنجومەنی زانکۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵا گفتوگۆی لەسەر کراوە و پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، یەکێکیش بووە لەکارنامەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی". 

ئەوەشخراوەتەڕوو، لە ڕوانگەی خەمخۆریمان بۆ خوێندکارانی زانکۆ جارێکی تر جەخت دەکەینەوە لەسەر داواکارییان بە دابینکردنی دەرماڵەی زانکۆیی بۆیان، وە لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکانی دوێنێ و ئەمڕۆدا، بە داخەوە چەند بەریەککەوتنێکی نەخوازراو لە نێوان خوێندکارانی زانکۆ و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکاندا ڕویداوە، ئێمە وەک سەرۆکایەتی زانکۆ و ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی جەختدەکەینەوە لەسەر پاراستنی حەرەمی زانکۆ و ئیدانەی هەر پێشێلکارییەک و توندوتیژییەک دەکەینەوە کەلەدەرەوەی یاسا و رێنماییەکان ئەنجامدرابێت، هەربۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی بەدواداچون لەسەر ئاستی زانکۆ دروست دەکەین بۆ دەرخستنی راستییەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی.

لە کۆتایی بڵاوکراوەکەدا سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی داوا لە خوێندکاران دەکات، کە بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانیان و بەردەوامی ڕەوتی خوێندن پابەندبن بە خوێندنی وانەکانیان و داواکارییەکانیان بە شێوازێکی شارستانی پێشکەش بکەن بە جۆرێک کە لە ئاستی پێگەی خوێندکاری زانکۆدا بێت، ئێمەش وەک هەمیشە پشتیوانی داوا رەواکانیان دەکەین و بە دواداچونمان بەردەوام دەبێت لە پێناو دابینكردنی دەرماڵەی مانگانە بۆ سەرجەم خوێندكارانی زانكۆكانی ھەرێمی كوردستان.


PM:05:50:22/11/2021