کەمێک پێش ئێستا خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە زۆربای شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان لە دژی پێنەدانی دەرماڵەکانیان دەستیپێکردەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە، ئەمڕۆ بۆ چوارەم ڕۆژ لەسەر یەک گردبوونەوە و خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان و کۆیە دەستیپێکردەوە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، خوێندکاران داوای خەرجكردنی دەرماڵەكانیان لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەكەن و جەختیش لەسەر ئەوە دەکەنەوە تا داواکارییەکەیان جێبەجێ نەکرێت بەردەوام دەبن لە گردبوونەوە و ناڕەزایەتی.
هاوکات بەیانی ئەمڕۆ بۆ ڕێگریکردن لە دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە پارێزگای دهۆك هێزێكی زۆری ئەمنی بڵاوەی پێكراوە، کە ئەمەش نیگەرانی هاوڵاتییانی شارەکەی بەدوای خۆیدا هێنا.
ماوەی چوار ڕۆژە خۆپیشاندانى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگان دژی پێنەدانی دەرماڵەکانیان بەردەوامی هەیە، دوێنێش لە شاری سلێمانى گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک خوێندکار بریندار کران، هاوکات لە پارێزگای هەولێریش ژمارەیەک لە نوێنەری خوێندکاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و پاشان ئازاد کران.