لاهور جەنگی هاوسەرۆکی بێ دەسەڵاتکراوی یەکێتی لە پەیامێکدا لە بارەی خۆپیشاندەرانەوە نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لە تەقەکردن بەڕووی خۆپیشاندەراندا.
لاهور جەنگی ئەمشەو چوار شەممە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت " بەداخەوە ئەمڕۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، حەرەمی
زانکۆیان شکاندووە، بە بەکارهێنانی غازی فرمێسکڕێژ و تەقەکردن بەسەر خوێندکاران، هەوڵی ڕێگرییکردنی خۆپیشاندەرانیاندا".
هەروەها دەشڵێت " ئێمە لەکاتێکدا دووبارە پشتیوانیی سەرسەختی داوا ڕەواکانی خوێندکارە ئازیزەکان دەکەین، لەهەمانکاتدا هیواخوازین ڕێگەنەدەن داوا کانیان تێکەڵ بە کێشە و ململانێی سیاسی بکرێت و ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکانیان بە لاڕێدا ببرێت و زیان بە موڵکی گشتی بگەیەندرێت".
لاهور جەنگی لە درێژەی قسەکانیدا دەشلێت " نیگەرانی خۆشم دەردەبڕم بەرامبەر ئەو شێوازی هەڵسوکەوتەی هەندێک لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لەبەرامبەر خوێندکاران بەکاری دەهێنن، بە تایبەتی تەقەکردن بە ڕووی خۆپیشاندەران و بریندارکردنی چەند خوێندکارێک بە فیشەک، کە ئەمە هەرگیز قابیلی قبووڵ نییە و دەبێت برایانمان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، خۆیان بە دوور بگرن و نەچنە ژێر باری هیچ گوشارێکەوە بۆ ئەنجامدانی تووندوتیژی و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکان ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن."
ناوبراو ناوەی ژمارەیەک لە کەسە نزیکەکانی خۆی بڵاودەکاتەوە کە لەلایەن هێزەکانی یەکێتییەو دوێنێ دەستگیرکراون و دەڵێت " دەستگیرکردنی چەند خوێندکارێک و چەند کەسایەتییەکی پێشمەرگەی دێرین لە شارەزوور بە ناوەکانی (مام وریا برا خاس) و (کاک سەڵاح گریانەیی) و لە سلێمانیش (کاروان عەلی شامار) کوڕی پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان (عەلی شامار)، بە بیانوی پڕوپووچ و بێ بنەما بە تووندی سەرکۆنە دەکەم و داوا دەکەم دەستبەجێ ئازاد بکرێن بۆ ئەوەی جەماوەر تووڕە و ڕق ئەستوورتر نەبێت بەرامبەریان".
لەبارە دەرماڵەی خوێندکارانیشەوە دەڵێت" بۆ چارەسەرکردنی دەرماڵەی خوێندکارانیش، وا پێدەچێت بەشداربووانی حکومەت لە زۆنی سەوز هیچ حسابێکیان بۆ نەکرێت لە لایەن باڵادەستانی بنەماڵە و سەرانی پارتی، بۆیە دەتوانن پارەی دوو ڕۆژی قاچاخچییەتی مەرزی باشماخ کە نزیکەی (٦) ملیۆن دۆلارە بۆ دەرماڵەی خوێندکاران تەرخان بکەن و چارەسەری كێشەی خوێندکاران بکەن".
لە کۆتاییدا لاهور جەنگی دەڵێت " هۆشدارییەکی هەڤاڵانە بۆ بڕیاربەدەستانی ئێستای یەکێتیی، وەبیریان دەهێنمەوە کە بەکارهێنانی هێز تەنها بۆ دوژمنانی گەلەکەمانە و هەر کەسێک بیەوێت هێز بەرامبەر گەلەکەی خۆی بەکاربهێنێت، ئەوا دڵنیابن کە گەل ڕق ئەستوورتر دەبێت بەرامبەریان و ژیانی خۆیان و کەسوکاریان دەکەوێتە مەترسییەوە".
ئەمە دووەمجارە لەماوەی دوو ساڵدا پێکدادانی توندوتیژ لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی روودەدات، کۆتایی ٢٠٢٠ یش لە پێکدادانی نێو هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای سلێمانی کە لە ناو یەکێتیدا سەردەمی دوو هاوسەرۆکی بوو، ٩ کەس کوژران ٨ یان خۆپیشاندەر و یەکێکیان پاسەوانی بارەگەیاکی پارتی بوو.