" ئەنجامەکان ژماردنی دەستی هەر هەموویان ١٠٠٪ هاوتای دەنگدانی ئەلکترۆنی بوون "

  
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، " پرۆسەی ژماردنەوەی دەستی سەرجەم وێستگە تانەلێدراوەکانی عێراق کۆتاییهات و دەرکەوت ئەنجامەکان بەدەستی ١٠٠% هاوتای ژماردنی ئەلیکترۆنی دەنگاکان بووە".

لە راگەیەندراوێکدا، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوەی خستەڕوو، ئەمڕۆ پێج شەممە وێستگە تانەلێدراوەکانی دواین پارێزگای عێراق کە پارێزگای نەینەوا بوو، بەدەست ژمێردرانەوە و ئەنجامەکە وەک ئەنجامی پارێزگاکانی تری عێراق ١٠٠% هاوتای ژماردنی ئەلیکترۆنی دەنگاکان بووە.

کۆمسیۆن باس لەوەش دەکات، سەرجەم ئەنجامەکان بۆ دەستەی دادوەری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەرزدەکرێنەوە، بەمەبەستی یەکلاییکردنەوەی تانەکان و ئەنجامەکانیان.

پێشبینیش دەکرێت رۆژی یەکشەممە ٢٨ی تشرینی دوەمی  کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان ئاڕاستەی دادگای فیدڕاڵی بکات بەمەبەستی پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ١٠ی تشرینی یەکەم.

ئەوە لە کاتێکدایە رۆژ بەرۆژ لەگەڵ نزیکبوونەوەی راگەیاندنی دەرئەنجامەکان فشاری لایەن دۆڕاوەکانی نزیک ئێران لە رووی سیاسی و جەماوەریەوە بۆ سەر کۆمسیۆن و حکومەت لە زیادبووندایە، بەمەبەستی رەتکردنەوەی سەرجەم ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.



PM:03:16:25/11/2021