سیاسی ناسراوی کوردستان، عوسمانی حاجی مەحمود لە بارەی خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران و مامەڵەی هێزە چەکدارەکانەوە لە پەیامێکدا دەڵێت" پێویستە ھێزە چەکدارەکانی ھەرێم واز لەتوندوتیژی و ڕەفتاری سەرکوتکەرانە بھێنن و بەشێوەیەکی شیاو مامەڵە لەگەڵ خوشک و برا خۆپیشاندەرەکانتان بکەن".
لەم پەیامە نوێیەدا کە ئەمە دووەم پەیامە لەکاتی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانەوە، عوسمانی حاجی مەحمود ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وئەندامی دەستلەکارکێشاوەی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان، دەڵێت " ھەڵسوکەوتی ئەم چەند رۆژەی دەسەڵات کە لەبری بە دەنگەوەھاتن و جێبەجێکردنی داواو مافەڕەواکانیان بەھەڕەشەو دەستگیرکردن و شەق و توندوتیژی روبەڕوی خوێندکاران بونەوە تەواو ناڕەوایە و بەتوندی ئیدانەی دەکەین".
دەقی پەیامێک لە عوسمانی حاجی مەحمودەوە
ھاوڵاتیانی بەرێز ، خوێندکاران و چین و توێژەکانی نیشتیمان ...
بەھۆی خراپی بەرێوەبردن و بێ باکی دەسەڵاتدارانەوە، ھەرێمی کوردستان نغرۆی نادادی وستەم وگەندەڵی و نا ئارامی و بێ ئومێدی و بێ متمانەییەکی زۆر بۆتەوە کە خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوی خوێندکاران و ناڕەزایەتی فراوانی چین و توێژەکانی تری کوردستان دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە خراپەی بەرێوەبردن و ئیدارەدانن و ئایندەی ھەرێمەکەیان خستۆتە بەردەم چەندین مەترسیەوە .
ھەڵسوکەوتی ئەم چەند رۆژەی دەسەڵات کە لەبری بە دەنگەوەھاتن و جێبەجێکردنی داواو مافەڕەواکانیان بەھەڕەشەو دەستگیرکردن و شەق و توندوتیژی روبەڕوی خوێندکاران بونەوە تەواو ناڕەوایە و بەتوندی ئیدانەی دەکەین و پێمان وایە رێگای دروست بۆ چارەسەری مافەکانی خوێندکاران و کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی بەرپاکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و بەرگرتنی راستەقینەیە لەو بەھەدەردان و نایەکسانی و گەندەڵیەی کە سەرتاپای جومگەو پێگەکانی حکومڕانی ھەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە .
قۆناغی ئێستا پێویستی بەبیستنی دەنگی ئەقڵ و ھەڵوێست وکاری بەرپرسانەیە نەک بەکارھێنانی توندوتیژی و زیندانی کردن. جگە لە خەڵک و میدیاو دامەزراوەو رێکخراوە جۆراوجۆرەکان ئەوەتا بڕیاربەدەستان خۆشیان لەڕاگەیاندەکانەوە باس لەدزی وگەندڵی و خراپ بەڕێوەبردنی وڵات دەکەن بەبێ ئەوەی ھیچ ھەنگاوێکی چاکسازیان ببینرێ و پێ ناچێ لە بیری گۆڕینی ئەقڵیەتی حکومڕانیاندا بن بۆ دۆزینەوەی چارسەرێکی سەرەتایی ، بەھێنانەوەی بیانو و تۆمەت و گومانیش ناتوانن گرفت و کێشە بنەڕتیەکانی ژیانی خەڵک بەلاڕێداببەن و ھەوڵ و کۆششی خەڵک بۆ گۆڕانکاری خامۆش بکەن.
ھەرێمێک بڕیاربەدەستەکانی بایکۆت و دەنگ سوتاندنی خەڵکی لەھەڵبژاردن (بە دەنگدانی تایبەتیشەوە کە زۆرینە لە ھێزەکانی پێشمەرگەو ناوخۆن) وکۆچی گەنجان و توانا جیاجیاکانی وڵات و دەنگی خەڵک و خوێندکاری خۆپیشاندەری بەلاوە گرنگ نەبێ بێگومان ھیچ بابەتێکی تری بەلاوە گرنگ نابێ .
گرنگە بریار بەدەستەکان بزانن ڕەوتی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی چین و توێژەکانی خەڵک بەم جۆرە بەری پێناگیرێت و ئەم ڕەفتارانە ناڕەزایەتیەکان گەورەترو چارەنوسی ئێوەش نادیارتر دەکات و ھەرێمەکە و خۆتان دەخاتە دۆخێکەوە کە نە پەشیمانی سودێکی دەبێ و نە زەمەنیشتان پێ دەگەڕێندرێتەوە .
خوێندکاران و چین وتوێژەکانی تری خەڵکی کوردستان ، جارێکی تر پشتیوانی ماف و داوا ڕەواکانتان دەکەین و داواکارین ڕێگە نەدەن ھێز وگروپی سیاسی ئاراستەی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانتان بۆمەرامی تایبەت بەکار بھێنن و تکامان وایە سەرەڕای ڕەفتاری توندوتیژی ھێزە ئەمنیەکان ، ئێوە پەلاماری دەزگاو دامەزراوە خزمەتگوزاریەکان نەدەن ، ھێزی ئێوە لەمافی رەواو ئیرادەی بەردەوامیتاندایە.
یەکەو پێکھاتە جیاکانی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێم پێویستە واز لەتوندوتیژی و ڕەفتاری سەرکوتکەرانە بھێنن و بەشێوەیەکی شیاو مامەڵە لەگەڵ خوشک و برا خۆپیشاندەرەکانتان بکەن.
عوسمانی حاجی مەحمود
25/11/2021